حکومەتی کیێڤ بەنيازە لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا 160 هەزار سەربازی دیکە بخاتە ناو ريزی سوپاکەیەوە، ئەم هەنگاوەی لەکاتێکدايە، مۆسکۆ کانگاکانی سێلیدۆڤی لە ناوچەی دۆنێتسک کۆنترۆڵکردووە و پێشڕەویی زۆری کردووە.
ئەلێکساندر لیتڤینێنکۆ، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی ئۆکرانيا رايگەياندووە، لەوەتەی شەڕەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، بە گشتی یەک ملیۆن و 50 هەزار هاوڵاتی وەرگیراون وەک سەرباز.
گوتيشی "بەنیازین زیاتر لە 160 هەزار کەس دابمەزرێنین، وەک سەرباز، ئەمەش رێگە دەدات سوپا بە رێژەی لەسەدا 85 پڕبکرێنەوە."
وەرگرتنی ئەم ژمارە سەربازە لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەبێت، لەو ماوەیەدا پەرلەمانی ئۆکرانیا باری نائاسایی و وەرگرتنی سەربازی بۆ ناو ریزەکانی سوپا درێژ دەکاتەوە.
لە کۆتایی مانگی شوباتدا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندبوو، 31 هەزار سەربازی ئۆکرانی کوژراون، ئامارەکەی زێلێنسکی ئاماژەی بە ژمارەی سەربازە ونبووەکان نەکردبوو کە ژمارەیان بە دەیان هەزار مەزەندە دەکرێت، ژمارەی بریندارەکانیش ئاشکرا نییە.
ئۆکرانیا دوای نزیکەی سێ ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕ، رووبەڕووی ئاستەنگیی بووەتەوە لە نوێکردنەوەی ریزەکانی سوپاکەی، لەکاتێکدا دۆخی بەرەی ئۆکرانیا زۆر سەختە و نزیکەی ساڵێکە سوپای رووسیا دەستپێشخەری دەکات.
وەرگرتنی سەرباز، لە ئۆکرانیا بابەتێکی مشتومڕاوییە و زۆرێک لە ئۆکراینییەکان بە نادادپەروەرانەی دەزانن و پێشتریش ژمارەیەک دۆسيەی گەندەڵی لە بواری وەرگرتنی سەربازیدا ئاشکرا بووە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024، نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیای بە نزیکەی 35 ملیۆن کەس خەمڵاندووە، لەکاتێکدا لە سەرەتای شەڕەکەدا لە ساڵی 2022دا 43 ملیۆن کەس بووە، لە ساڵی 2014 کە رووسیا نیمچە دوورگەی کریمیای ئۆکرانیای کۆنترۆڵکرد، 45 ملیۆن کەس بووە.