چەند رێنماییەک لە بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە بۆ ئامادەکاریی لافاو

test
دروستبوونى لافاو لە تەیراوى هەولێر. فۆتۆ: کەناڵ8

بەرگریی شارستانیی هەولێر چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا دەکات پێش لافاو و لەکاتی روودانی لافاو و دوای روودانی هاونیشتمانییان رێنماییەکان جێبەجێ بکەن.

بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا دەکات، پێش روودانی لافاو هاونیشتمانییان دەفرەکانیان پڕ بکەن لە ئاوی پاک، لە حاڵەتی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە.

داواشیکردووە، پێش ئەوەی لافاو رووبدات شتە بەنرخەکان لە شوێنێکی بەرز دابنێن و رێگەی چۆڵکردن دیاری بکەن و کەرەستەی فریاگوزاریی سەرەتایی لە نزیک خۆیان دابنێن.

لە رێنماییەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێردا هاتووە، خواردن، ئاو و جلوبەرگ لە شوێنێکی پارێزراو دابنێن و بەڵگەنامە گرنگەکان لە کیسەیەکی نایلۆندا هەڵبگرن نەوەک بە ئاو لەناوبچن.

داواشیکردووە، هاونیشتمانییان رادیۆ بەکاربێنن بۆ فێربوون دەربارەی پلانی چۆڵکردن یان کردارەکانی تر، هەروەها کارەبا بکوژێننەوە ئاو بەکارنەهێنن.

بەرگریی شارستانیی هەولێر رێنمایی بۆ کاتی روودانی لافایش بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەر پێویست بوو ماڵ بەجێبهێڵە و تەلەڤزیۆن یان رادیۆکەت بە داگیرساوی بهێڵەوە بۆ بەدەستهێنانی نوێترین زانیاری.

داواشدەکات، لە هێڵەکانی کارەبا نزیک نەبنەوە و شوێنێکی پارێزراو بدۆزنەوە وەک قوتابخانە یان کڵێسا و ئەگەر چوویت بۆ شوێنێکی تر، شتە پێویستەکان لەگەڵ خۆت ببە.

لە رێنماییەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێردا هاتووە، هاونیشتمانییان لە دوای لافاو نەگەڕێنەوە ماڵەوە تاوەکو دەسەڵاتداران رێگەیان پێدەدەن.

دەشڵێت: نزیک مەبنەوە لە شوێنە زیان پێگەیشتووەکان و پێویستە دەستبەجێ شلە ڕژاوەکانی وەک دەرمان، ماددەی گڕگرتوو یان ژەهراوی خاوێن بکەیتەوە.

داواشدەکات، دەست لە کێبڵی کارەبا نەدەن و خواردنی پیس نەخۆن و کەسی برینداریش لە شوێنی خۆی نەجوڵێن.

loading....