ئەمشەو لە گەڕی دەیەمی سێریا ئەی دوو یانەی گەورە یارییان هەیە

لە گەڕی دەیەمی یارییەکانی سێریا ئەی، ئەمشەو  دوو رکابەری گەورە یاریی ئەنجامدەدەن، لە یەکێک لە یارییەکان ئینتەر میلان کاتژمێر 8:30 بەکاتی هەرێمی کوردستان لە یاریگەی کارلۆ کاستێیانی دەبێتە میوانی ئیمپۆلی.

لە دوایی یارییە بەهێزەیەکیان بەرامبەر یوڤێ، ئینتەر رووبەڕووی رکابەرێکی ئاسان دەبێتەوە، مارەشینەکانی ئینتەر لە دوایین یاریی بەرامبەر یوڤێ بە ئەنجامی (4-4) گۆڵ یەکسانبوونیان تۆمارکرد، لە دوای شکستەکەشیان بەرامبەر ئەی سی میلان کەمێک گومان لەسەر توانای یانەکە دروستبووە، کە لەوانەیە ئەمساڵ رکابەرییکردنی بۆ ناسناوی سێریا ئەی سەخت بێت، بەو پێییەی یانەکانی میلان، یوڤێ و ناپۆلیش لەچاو وەرزی رابردوو بەهێزتر دەردەکەون.

لەلایەکی دیکەوە، ئیمپۆلی سەرەتای وەرز ئەنجامەکانی هەتاوەکو هەشت یاریی هیچ شکستێکی تێدا نەبوو، بەڵام لە دواین چوار یاریی هیچی نەبردووەتەوە و  بارودۆخی یانەکە هیچ باش نییە، هۆکاریی لاوازبوونیان بۆ ژمارەی زۆری پێکانەکانیان دەگەرێتەوە، کە حەوت یاریزان بەهۆی پێکانەوە گومانی بەشدارییکردنیان لێدەکرێت.

ئینتەر  و ئیمپۆلی بە درێژایی مێژوو 25 جار رووبەڕووبونەتەوە، مارە شینەکانی ئینتەر بە 21 بردنەوە باڵادەسەتن و ئیمپۆلیش تەنیا سێ یاریی بردووەتەوە.

لە یارییەکی دیکەدا، کە کاتژمێر 10:45 بەکاتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، یوڤێنتۆس لە یاریگەی ئاڵیانز میوانداریی پارما دەکات کە لە پلەکانی خوارووی ریزبەندییە.

یوڤێ لە دوایی پاراستنی 10 یاریی بەبێ بێشکست، لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر شتوتگارت بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تووشی شکست بوو.

خانمە پیرەکە یەکێکە لە یانە بەهێزەکانی ئەم وەرزە، چ لە رووی هێرشبەریی و چ لە روویی بەرگرییەوە، بەڵام یەکسانبوونێک بەرامبەر ئینتەر و شکستێک بەرامبەر شتوتگارت گورزێکی گەورەی لێدا، هەرچەندە یارییەکەی ئەمشەوییان بەرامبەر پارما هەلێکە تاوەکو دڵی هاندەرانییان ئاشت بکەنەوە، بەو پێیەی پارما لەم وەرزە تەنیا یەک سەرکەوتنی هەیە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆشی حاڵی پەرێشانە.

لە نێوان یوڤێ و پارما 29 رووبەڕووبونەوە روویداوە، یوڤێ 17 بردنەوە و پارماش تەنیا چوار بردنەوەی بەدەستهێناوە.