ئەم سێ خۆراکە زێڕینە لەیادمەکەن!

قارچک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پرۆتینە رووەکییەکانە

خواردنە زێڕینەکان ئەوانەن کە بۆ تەندروستیی مرۆڤ بەسوودن، نە لە ماوەیەکی کورت نە لە ماوەیەکی درێژخایەندا زیان بە تەندروستیی مرۆڤ ناگەیەنن، لێرەدا دەمەوێت سێ خواردنی زێڕین بخەمەڕوو کە بەڕاستی ناتوانرێت سوودەکانیان بژمێررێت:

پاقلەسۆیا

ئەمە جۆرێکە لە پاقلەمەنیەکان وەکو نیسک و نۆک، بەڵام لە هەموو پاقلەمەنییەکانیش باشترە، چونکە رێژەی شەکر و کاربۆهێدراتی زۆر کەمە، رێژەی چەوریی زیانبەخشی ئێجگار کەمە، جگە لەوەش رێژەیەکی بەرزی پڕۆتینی رووەکیی تێدایە. لەهەموو سەرچاوە زانستییەکان باس لە گرنگی پڕۆتینی رووەکی دەکرێت. ئەم خۆراکە لەلایەکی دیکەوە رێژەیەکی بەرچاوی کانزاکانی وەکو پۆتاسیۆم و کالسیۆمی تیایە، هەروەها پاقلەسۆیا دەوڵەمەندە بە ریشاڵە خۆراکییەکان و فایبەرەکان، پاقلەسۆیا شیری لێ دەردەهێنرێت (شیری پاقلەسۆیا) و زەیتی لێ هەڵدەهێنجرێت کە زۆر بەسوودن بۆ جەستەی مرۆڤ.

قارچک

قارچک یان (کوارگ)، سوودی ئەم خواردنە لەوەدایە پڕۆتینێکی زۆری تێدایە، پڕۆتین یەکەی بنیادی جەستەی مرۆڤە و شەکر بەرز ناکاتەوە و قەڵەوی لێ ناکەوێتەوە، پرۆتینی ناو قارچک رووەکیە و هەرس کردنی ئاسانە، سەرچاوەیەکی باشی وزەیە بۆ مرۆڤ، چ کوارگ و چ پاقلەسۆیا هێندە بەسوودن بۆ مرۆڤ، توێژینەوەیەکی زۆریان لەبارەوە کراوە کە بۆ دڵ پێشگیریکەرن لە جەڵتە و خوێنمەیین.

خەیار

خەیار رێژەیەکی زۆری ئاوی تێدایە، هەمیشە تەڕی بە جەستە دەبەخشێت، چونکە سەوزە پڕە لە کۆڤیتامینەکانی  بی و ڤیتامین سی، پڕە لە ریشاڵی خۆراکی و رێژەی شەکری زۆر نییە، هەروەها (دەنک) یان تۆوی تێدایە، دەنکە تۆوەکانی سەوزە و میوە بۆ جەستە زۆر بەسوودن و دژە ئۆکسیدن و کانزا گرنگەکانیان تیایە.

با هەوڵ بدەین جار جار ئەو خواردنە زێڕینانە بخەینە ناو بەرنامەی خۆراکیی رۆژانەمان

د.  یوسف بەهائەدین خەتی