دامەزرێنەری بایتدانسی خاوەنی تیکتۆک بووە دەوڵەمەندترین کەسی چین

test
ژانگ یمینگ، دامەزرێنەری کۆمپانیای بایتدانس

دامەزرێنەری کۆمپانیای بایتدانسی خاوەنی تیکتۆک، بووە دەوڵەمەندترین کەس لە چین کە سامانەکەی 49.3 ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا لەلایەن ئەمریکاوە کۆمپانیاکەی دووچاری چەندین سکاڵای یاسایی بووەتەوە.

ژانگ یمینگی 41 ساڵ، لەساڵی 2021 وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بایتدانس دەستی لەکارکێشایەوە، بووەتە هەژدەیەمین کەس نازناوی دەوڵەمەندترین کەسی چین وەربگرێت لە ماوەی 26 ساڵی رابردوودا، کە لەلایەن لیستی هورونی دەوڵەمەندانی چینەوە بڵاودەکرێتەوە.

سەرەڕای ئەو سکاڵایانەی لەسەر بایتدانس و پلاتفۆرمی تیکتۆک هەیە لە ئەمریکا، بەڵام داهاتی جیهانی بایتدانس لە ساڵی رابردوودا، بە رێژەی 30% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 110 ملیار دۆلار، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ زیادکردنی سامانی کەسی ژانگ.

بەگوێرەی ریزبەندییەکە لە دوای ژانگ یمینگ، ژۆنگ شان شان دێت، کە خاوەنی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی خواردنەوەیە و سامانەکەی کەمیکردووە بۆ 47.9 ملیار دۆلار و چووەتە پلەی دووەم، لە پلەی سێیەمیشدا پۆنی ما، دامەزرێنەری کۆمپانیای تێنسێنت دێت.

ژمارەی ملیاردێران بەراورد بە ساڵی 2021 لە چین، لە 753ـەوە کەمیکردووە بۆ 142 کەس، بەگوێرەی هورون، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، ئابووری چین بە ساڵێکی سەختتدا تێپەڕیوە.