نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە لە بڵاوترین نەخۆشییەکاننن لە کوردستان و جیهان، لەناو شێرپەنجەکانیشدا شێرپەنجەی سییەکان لە کوردستان لەناو پیاواندا بڵاوترین جۆری شێرپەنجەی و لە ژنانیشدا دوای شێرپەنجەی مەمک، بڵاوترینە.
د. رەوەند عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ، دڵ و بۆرییەکانی خوێن، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵ8 باسی لە هۆکار و چارەسەرەکانی شێرپەنجەی سییەکان کرد و نەخۆشییەکەی بە جۆرێک لە شێرپەنجە مەترسیدارەکان لەقەڵەمدە؛ "بەداخەوە تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاستێکی باڵادایە و لە جیهانیشدا هەر یەکێکە لە جۆرە باوەکانی شێرپەنجە و لە لوتکەی شێرپەنجەکاندایە".
پسپۆڕەکە نەشتەرگەریی سنگ، دڵ و بۆرییەکانی خوێن ئاماژەی بەوە کرد، شێرپەنجەی سییەکان هۆکاری 8% بۆ 10%ـی مردنەکانە و بەمەش بە دووەم هۆکاری مردن پاش نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن دێت.
سەبارەت بە جۆرەکانی شێرپەنجەی سییەکان، د. رەوەند عەبدولڕەحمان گوتی، چەند جۆرێکی شێرپەنجەکە هەن، بەڵام جۆرە سەرەکییەکان چوار دانەن.
هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان چین؟
سەبارەت بە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان، د. رەوەند عەبدولڕەحمان بە چەند خاڵێک سەرەکیترین هۆکارەکانی خستەڕوو:
- تووتن: جگەرە و نێرگەلە کێشان هۆکاری سەرەکیی تووشبوونن، پسپۆڕەکە گوتی حاڵەتی وا هەیە کە کەسەکە خۆی جگەرەکێش نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسێک لە خێزانەکەیدا و لە نزیکییەوە کێشاویەتی، تووشی شێرپەنجەی سییەکان بووت. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تووتن هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجەی سییەکانە و 85%ـی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە بەهۆی جگەرەکێشانەوە روودەدەن.
- پیسبوونی ژینگە: زۆربوونی دوکەڵ و ئەو کارگانەی سووتەمەنی بەکاردەهێنن هۆکارێکی دیکەن، هەروەها دەکرێت ماددەی ئەسبێستۆس، کە لە رووپۆشکردنی ناوەوەی خانوبەرەدا بەکاردەهێنرێت هۆکاربێت بۆ جۆرێکی شێرپەنجە. بەنزین یەکێکی دیکەیە لەو ماددانەی دەکرێت هۆکاربێت بۆ شێرپەنجەی سییەکان، مەرج نییە تەنیا بە سووتان بێت، چونکە لە دروستکردنی چەند کەلوپەلێکی دیکەدا بەکاردەهێنرێت. لە کۆتاییدا گازی رادۆن کە لە سروشتدا هەیە و دەردەچێت و ماددەیەکی کوشندەیە.
- بۆماوە: بەشێکی کەم لە تووشبووان دەکرێت بەبێ هیچ هۆکارێک لەوانەی سەرەوە تووشببن.
زۆربوونی کارگەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شێرپەنجەی سییەکان
د. رەوەند عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ، دڵ و بۆرییەکانی خوێن
"بەهۆی ئەوەی ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون زیاددەکەن زۆربوون، هەرکەسێک تەمەنی گەیشتە سەروو چل ساڵ دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەکانی بۆ بکرێت"، د. رەوەند عەبدولڕەحمان عیسا وای گوت. پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پشکنینی پێشوەختەی سییەکان لە هەرێمی کوردستان لە دواوەیە و وەکو پێویست گرنگیی پێنادرێت.
چارەسەرەکان لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتوون؟
جگە لە وێنەی تیشکیی سییەکان و پشکنینەکانی خوێن، ناوبینی(نازوور)ی سییەکان رێگەیەکی دەستنیشان و هەندێکجار چارەسەری بشێکی لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەیەیە، هەروەها نەشتەرگەرییە جۆراوجۆرەکانی وەکو لابردنی بەشێک لە سییەکان بەشێکی گرنگی چارەسەری کۆئەندامی هەناسەن.
د. رەوەند عەبدولڕەحمان بە گەشبینییەوە باسی لە چارەسەرەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی "ئێستا بەهۆی کۆبوونەوە و کارکردن بە تیمی پزیشکانی پسپۆڕ لە هەرێمی کوردستان، چارەسەری سەرجەم جۆرەکانی شێرپەنجە و لەناویشیاندا شێرپەنجەی سییەکان پێشکەوتووە و لە ئاستێکی جیهانیدایە"، پسپۆرەکە گوتی ئێستا بەشێکی زۆر لە نەشتەرگەرییەکانی لابردنی گرێ شێرپەنجەییەکانی سییەکان بە ناوبینی دەکرێن، لەجیاتی ئەوەی کە سنگی چارەخوازەکە بکرێتەوە، بە سێ کونی بچوک نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکرێت، هەفتەیەک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە و پاشان دەچێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.