لە نوێترین راگەیەندراویدا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2023 هەشت ملیۆن کەس لە جیهاندا بە نەخۆشیی سیل دەستنیشانکراون، ئەمەش بەرزترین رێژەیە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە، لەو هەشت ملیۆن کەسەی تووشبوون، نزیکەی 1.25 ملیۆنیان گیانیانلەدەستداوە، ئەمەش دەیکات بە کوشندەترین نەخۆشیی گوازراوە.
لە ماوەی پەتای کۆڤیددا سیل دووەم کوشندەترین نەخۆشیی گوازراوە بوو.
د. تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی جیهانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەوەی کە نەخۆشیی سیل هێندە خەڵت تووشدەکات و دەیکوژێت شەرمە، چونکە ئێمە هەموو ئەو کەرەستانەمان لەبەردەستایە کە رێگری لێبکەین، دەستنیشانیبکەین و بیناسینەوە، هەربۆیە تەندروستیی جیهانی هانی هەموو وڵاتان دەدات کە دووبارە بەو کەرەستانەدا بچنەوە و بەباشی بەکاریانبهێنن، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بە سیل بهێنین".
بەگوێرەی راپۆرتەکەی تەندروستیی جیهانی 55%ـی تووشبووانی سیل پیاون، 33%ـیان ژنن و 12%ـیان منداڵان و تازەپێگەیشتووانن.
زۆرینەی ئەو کەسانەی تووشی سیل دەبن یەکێک لەم مەترسییانەی تووشبوونیان هەیە: بەدخۆراکی، تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV، خراپبەکارهێنانی کحول، جگەرەکێشان و نەخۆشیی شەکرە.
نەخۆشیی سیل بەهۆی بەکتریایەکەوە روودەدات کە زۆرجار تووشی سییەکان دەبێت. زۆرینەی ئەوانەی نەخۆشییەکەیان هەیە بێنیشانەن و نەخۆشییەکەش بۆ کەسێکی دیکە ناگوازنەوە، ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم زوو چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.
نەخۆشیی سیل نیشانەیەکی تایبەتی نییە، سەرەکیترین نیشانەکان ئەمانەن: کۆکە، ئازاری سنگ، لاوازی و ماندوویی، دابەزینی کێش، تا و ئارەقکردنەوەی شەوانە.