بۆ ئەوەی قەڵەو نەبیت بەم شێوازە برنج بخۆ

چێشتلێنەرێك لەكاتی لێنان و ئامادەكردنی برنجدا. فۆتۆ: AP

برنج یەکێکە لە خواردنە سەرکییەکانی سەر خوانی زۆربەی خێزانی کوردی، بەردەوام ئەو پرسیارە دەکرێت: چۆن بتوانم برنج بخۆم بەبێ ئەوەی قەڵەو ببم یان ببێتەهۆی دروستبوونی ورگ؟

ئەم رێنماییانە ئەگەر بتوانرێت جێبەجێبکرێت ئەوا بە رێژەیەکی باش رێگە دەگرێت لە قەڵەوی و زیادبوونی کێش و دروستبوونی ورگ:

  1. لە رۆژێکدا یەک ژەم برنج بخورێت نەوەکو دوو ژەم یان زیاتر
  2. برنجی دەنکدرێژ باشترە لە برنجی خڕ، برنجی بۆر و قاوەیی و برنجی کوردی باشترن لە برنجی سپی
  3. بە پڵاو لێ بنرێت یان بڕێکی کەم زەیتی زەیتوون یان زەیتی کانولا یان رۆنی ئاژەڵ لێ بنێرێت، واتە هێندە کەم بێت بنکڕ دروست نەکات و گەر بنکڕی لەگەڵ بوو نەخورێت ، نابێت لە رۆندا بخێنرێت
  4. پێش تێکردنی برنجەکە بە 10 بۆ 15 خولەک، قاپێکی گەورەی زەڵاتەی وەرزی لە سەر سفرە دابنرێت و بخورێت ، دوای تەواوبوونی زەڵاتەکە ئینجا برنج و شلەکە بهێنرێتە سەر سفرە، نەوەکو بە یەکەوە بخورێن، ئەمەش لەبەر ئەوەی خواردنی زەڵاتە پێش ژەمەکان هۆکارە بۆ ئەوەی کەمتر بخۆین
  5. رۆژانە لە 10 بۆ 12 کەوچک زیاتر برنج نەخورێت، پێویستە کەیبانووی ماڵ بەقەد ژمارەی ئەندامانی خێزان چێشت لێبنێت
  6. هەموو کەوچێک برنج دوو کەوچک شلە یان لانی کەم کەوچکێک شلەی لەگەڵدا بخورێت
  7. پێویستە لە رۆژێکدا ژەمێک زیاتر برنج نەخورێت، گەر بتوانرێت رۆژ نا رۆژێک یەک جار بخورێت
  8. خواردنی نان یان سەموون لەگەڵ برنج و شلە ئەگەری قەڵەوی و زۆربوونی کێش زیاددەکات

د. کامەران رەسووڵ ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک