پسپۆڕێک: زیاتر لە نیوەی نەخۆشییەکان بەهۆی ئەم جۆرەی خۆراکەوەن

بەگشتی خۆراکە دەستکاریکراوەکان پێکدێن لە خواردنی خێرا، چپس، شیرینی، ئایسکرێم و خواردنەوە گازییەکان

کەناڵ8 - سلێمانی

پسپۆڕێکی تەندروستی لە بەریتانیا، ئاماژە بەوە دەکات کە خۆراکە دەستکاریکراوەکان، هۆکاری زیاتر لە نیوەی ئەو نەخۆشییانەن کە تووشی مرۆڤ دەبن و دەبنەهۆی گیانلەدەستدان، لەوانەش: نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجە، بەرزەفشاری خوێن، کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر، هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەکان، خەمۆکی، بەرزبوونەوەی چەوریی خوێن، گرژیی کۆڵۆن و خەڵەفان.

د. کریس ڤان تولێکن، پزیشكێکی پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکانە و زیاتر بەهۆی توێژینەوە و قسەکردنی لەبارەی خۆراکە دەستکاریکراوەکانەوە ناوبانگی پەیدا کردووە.

ئەم پزیشکە دەڵێت دەبێت خەڵکی بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە خۆراکە دەستکاریکراوەکان بپارێزن، چونکە ئەم جۆرانەی خۆراک هەندێک ماددەی کیمیاییان تێدایە کە دەبنەهۆی هەوکردن لە جەستەدا، ئەم هەوکردنەش کاریگەری لەسەر زۆرێک لە کۆئەندامەکانی جەستە دادەنێت و هۆکارە بۆ زۆر نەخۆشی، لەوانەش شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و تەنانەت گرفتە دەروونییەکانیش.

خۆراکە دەستکاریکراوەکان، ئەو خۆراکانەن کە شێوازی سروشتیی خۆیان دەستکاریکراوە، ئەوەش لەرێگەی زیادکردنی ماددە پارێزەرەکان، تام، خوێ یان شەکر بۆ ناو خۆراکەکان. باوترین خۆراکە ئامادەکراوەکان ئەمانەن:

  • خواردنە خێراکان
  • هۆت دۆگ و جۆرەکانی دیکەی گۆشت کە دەستکاریکراوون
  • چپس
  • نوقڵ و شیرینییەکان
  • ئایس کرێم
  • خواردنەوە گازییەکان

پزیشکە بەریتانییەکە دەڵێت، 80%ـی وزەی بەریتانییەکان سەرچاوەکەیان لە خۆراکە دەستکاریکراوەکانەوەیە، ئەمە نەک تەنیا دەبێتەهۆی قەڵەوی، بەڵکو هۆکارێکی گۆڕینی پێکهاتەی مێشکە و دەبێتەهۆی گۆڕینی خووە خۆراکییەکان و ئالوودەبوون بە خۆراکە ناتەندروستەکانەوە، ئەو کەسانەی خۆراکە دەستکاریکراوەکان زۆر دەخۆن کەمتر هەست بە تێری دەکەن، لە ژەمەکاندا زۆر دەخۆن و خەیاڵیان زۆر لەلای خواردنە. ئەمەش لەلایەکی دیکەوە دەکرێت هۆکار بێت بۆ تووشبوون بە گرفتە دەروونییەکانی وەکو خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

پزیشکەکە دەڵێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی کە خەڵک بڕێکی زۆر لەم خۆراکانە دەخۆن، هەژارییە؛ "نەهێشتنی هەژاری 60%ـی گرفتە خۆراکییەکان چارەسەر دەکات و بەشێوەیەکی بەرچاویش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە خیاوازەکان کەمدەکاتەوە".

د. کریس ڤان تولێکن، لەجیاتی خۆراکە دەستکاریکراوەکان، رێجیمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست پێشنیازدەکات و بە باشترین جۆری رێجیم لەقەڵەمیدەدات.

رێجیمی دەریای ناوەڕاست دەوڵەمەندە بە میوە، سەوزە، دانەوێڵەی سۆسدار و چەورییە تەندروستەکان، ماددە خۆراکییە جۆراوجۆرەکانی زۆر تێدایە و ئەو کەسانەش کە پەیڕەویدەکەن، رێجیمەکەیان بەلاوە سەخت نییە، چونکە لەرووی تامەوە خواردنەکان بەتامن. ناوی ئەم رێجیمە لەوەوە هاتووە کە ئەو خۆراکانەی تیایدا بەکاردێت لە بنەچەدا لە وڵاتانی دەریای ناوەڕاستەوە هاتوون، وەکو ئیتاڵیا، یۆنان، فەڕەنسا و ئیسپانیا.

ئەو کەسانەی پەیڕەوی رێجیمی دەریای ناوەڕاست دەکەن ئەمانە زیاتر دەخۆن:

  • میوە
  • سەوزە
  • دانەوێڵە سۆسدارەکان
  • پاقلەکان
  • گوێز و چەرەسەکان
  • چەورییە تەندروستەکان

سوودی ئەم رێجیمە چییە؟

  • دابەزینی کێش: خۆراکەکان کالۆرییەکی کەمتریان تێدایە و دەوڵەمەندن بە ریشاڵەکان، کە وادەکات زووتر هەست بە تێری بکرێت
  • کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک: چەورییە رووەکییە  تەندروستەکان دەبنە جێگرەوەی چەورییە تێر و دەستکردەکان، ئەمەش سوود بە بۆرییەکانی خوێن دەگەیەنێت
  • مەترسیی شەکرە کەمدەکاتەوە: خواردنی رێجیمێک کە دەوڵەمەندە بە رووەک مەترسیی تووشبوون بە شەکرە کەمدەکاتەوە و رێژەی شەکری خوێن کەمدەکاتەوە
  • رێگری لە شێرپەنجە دەکات: مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکانی کۆڵۆن، مەمک، پرۆستات، گەدە، میزڵدان و پەنکریاس کەمدەکاتەوە
  • فشاری خوێن کەمدەکاتەوە