رەشنووسی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بڵاوکرایەوە

چەند تانکیکی ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان. فۆتۆ: AFP

دەستەی پەخشی ئیسرائیل رەشنووسی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بڵاوکردەوە، کە بە سەرۆکایەتیی ئامۆس هۆکستن، نێردەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە لوبنان بەڕێوەدەبرێت.

بەگوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم رێککەوتنە تەواو بکرێت، کە ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئاگربەستەکە رابگەیەندرێت، کە رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆکستن سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ کۆتاییهێنان بە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە، هەروەها دەستەکە لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە ئاشکرایکردووە، کە چانسی سەرکەوتنی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی سیاسی زۆر بەرزە.

بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، کە دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، رێککەوتتامەکە لەم خاڵە سەرەکییانە پێکدێت:

•     حکومەتی لوبنان سەرپەرشتیی فرۆشتنی چەک دەکات

•     حزبوڵا و گروپە چەکدارەکانی دیکە لە چەک دادەماڵرێن، ماوەی 60 رۆژ دەدرێت بە حکومەتی لوبنان، لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەوە، دەبێت سەرجەم گروپە نافەرمییە سەربازییەکان لە باشووری وڵاتەکە چەک بکات.

•     سوپای لوبنان تاکە هێزی چەکدار دەبێت لە باشووری لوبنان و بەدرێژایی سنوور و دەروازەکان بڵاوەی پێدەکرێت.

•     حکومەتی لوبنان دەسەڵاتی پێویست دەداتە هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701 و سەرپەرشتیکردنی هاتنی چەک لە سنووری لوبنان، سوپای لوبنان و دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی لوبنان بەرپرسیار دەبن لە سەپاندنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و دەتوانرێت سزای ئابووری و دیپلۆماسی بسەپێندرێت بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان.

•     دەبێت ئیسرائیل لەماوەی 7 رۆژدا هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە و سوپای لوبنان جێگەیان دەگرێتەوە و کشانەوەکەش لەلایەن ئەمریکا و وڵاتێکی دیکەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

•     پێشێلنەکردنی رێککەوتنەکە زامنە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی، لە ئەگەری پێشێلکردنی رێککەوتننامەکەدا، سوپای ئیسرائیل دەستکراوە دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانی لە خاکی لوبناندا، بەو واتایەی ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لە دەرەوەی باشووری لوبنانەوە سەرهەڵدەدەن، ئەگەر حکومەتی لوبنان نەتوانێت هەڕەشەکان پووچەڵبکاتەوە، لەوانە بەرهەمهێنان و هەڵگرتن و گواستنەوەی چەکی قورس و مووشەک و چەکی پێشکەوتووی دیکە، بەم رێککەوتنە ئیسرائیل و لوبنان لە مافی بەرگریکردن لە خۆیان بێبەش نابن، لە هەرکاتێکدا کە پێویست بکات.