دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە پارکی شاری یاریی هەڵەبجە دەستیپێکرد، بەشێک لە بەشداربووانى فێستیڤاڵەکە دەڵێن: سەرجەم ئەو بەرهەمانەى دەخرێنەڕوو، خۆماڵین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فێستیڤاڵەکە بەبەشداریى سەدان کەس لە پارکی شاری یاریی هەڵەبجە دەستیپێکرد، فێستیڤاڵەکە بە دروشمی "رەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی، پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی چالاکیی کولتووری و هونەری بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت".
فێستیڤاڵەکە بە هاوبەشیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
بەشێک لە بەشداربووانى فێستیڤاڵەکە بە کەناڵ8یان راگەیاند، سەرجەم ئەو بەرهەمانەى دەیخەنەڕوو، خۆماڵین و خۆیان بەرهەمیانهێناوە.
دەشڵێن: بەرهەمى هەنارى ئەمساڵیان لەگەڵ ئەوەى باران لێینەداوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئاوى زۆریان پێداون و خزمەتیان کردوون، جیاوازن و تامێکى خۆشیان هەیە.
ساڵی رابردوو نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە 2ی مانگی 11 دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوامبوو بۆ ئەمساڵ پێشبینی هاتنی زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار و سەردانکەر دەکرێت.