نوخشە ناسح: ساڵانە 25 بۆ 30 هەزار تۆن هەنار لە هەڵەبجە بەرهەمدەهێندرێت

نوخشە ناسح، قایمقامی هەڵەبجە

قایمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، ساڵانە 25 بۆ 30 هەزار تۆن هەنار لە هەڵەبجە بەرهەمدەهێندرێت و لە فێستیڤاڵەکەش جەختیان لە کوالێتى باشى هەنارەکان کردووەتەوە.

نوخشە ناسح، قایمقامی هەڵەبجە لە فێستیڤاڵى هەنارى هەڵەبجە بەکەناڵ8ـی راگەیاند، جووتیارانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە ساڵانە 25 بۆ 30 هەزار تۆن هەنار بەرهەمدەهێنن و جووتیارەکان بەشێکی دەنێرن بۆ خوارووی عێراق و پارێزگاکانی دیکە.

گوتیشی، لە رێگەى لیژنەکانى قایمقامیەتى هەڵەبجەوە جەختیان لەسەر کوالێتى باشى هەنارەکانى فێستیڤاڵى هەڵەبجە کردووەتەوە و بەلایانەوە گرنگە سەردانیکەران هەنارى باش لەگەڵ خۆیان ببەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بەبەشداریى سەدان کەس لە پارکی شاری یاریی هەڵەبجە دەستیپێکرد، فێستیڤاڵەکە بە دروشمی "رەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی، پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی چالاکیی کولتووری و هونەری بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت".

فێستیڤاڵەکە بە هاوبەشیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.

بەشێک لە بەشداربووانى فێستیڤاڵەکە بە کەناڵ8ـیان راگەیاند، سەرجەم ئەو بەرهەمانەى دەیخەنەڕوو، خۆماڵین و خۆیان بەرهەمیانهێناوە.

دەشڵێن: بەرهەمى هەنارى ئەمساڵیان لەگەڵ ئەوەى باران لێینەداوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئاوى زۆریان پێداون و خزمەتیان کردوون، جیاوازن و تامێکى خۆشیان هەیە.

ساڵی رابردوو نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە 2ی مانگی 11 دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوامبوو، بۆ ئەمساڵ پێشبینی هاتنی زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار و سەردانکەر دەکرێت.