ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆدەبێتەوە

دانیشتنێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پاش نزیکەی 6 مانگ لە شکستهێنانی دوایین دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆ هەمان مەبەست دانیشتنێکی دیکە ساز دەکرێت.

بەگوێرەى بەرنامەی کارى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاتژمێر 1ـی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت و تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدایە، رۆژی 28ـی تشرینی یەکەم، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوایان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، رۆژی پێنجشەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ دانیشتن ساز بکات.

دوو پەرلەمانتاری سوننە کە قسەیان بۆ کەناڵ8 کرد جەختیانلەوەکردەوە، هیچ رێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکانی سوننە نەکراوە، تاوەکو بەیەک بەربژێر بچنە دانیشتنەکەوە و لە هۆڵی پەرلەمان ئەو پرسە یەکلاییدەکرێتەوە.

زەیتون دلێمی، ئەندامی فراکسیۆنی عەزم بەکەناڵ8ـی گوت "هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و وەک دانیشتنەکانی رابردوو، هەریەک لە مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی، بەربژێرن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران".

هاوکات نیهال شەممەری، ئەندامی فراکسیۆنی حەسم سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران قسەی بۆ کەناڵ8 کرد و رایگەیاند "هەریەک لە مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی خۆیان بۆ پۆستەکە بەربژێر دەکەن، بەڵام چانسی مەحمود مەشهەدانی زیاترە، بەهۆى ئەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و فراکسیۆنی پارتی پشتیوانیی لێدەکەن".

دوایین دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، رۆژی 18ی ئایارى رابردوو بەڕێوەچوو، هەریەک لە مەحمود مەشهدانی و سالم عیساوی، بەربژێر بوون بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، بەڵام هیچکامیان نەیانتوانی 50+1 ی دەنگەکان بەدەستبهێنن.