لە هەولێر ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو دەکرێت

دیمەنی کۆبوونەوەى ئاو و دروستبوونى لافاو لە گەڕەکى تەیراوا لە شارى هەولێر. فۆتۆ: کەناڵ8

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ئامادەكاری بۆ وەرزی باران و بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە هەولێر و دەوروبەری دەكرێت و چەند رێکارێک دەگرنەبەر.

وەزارەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەریمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی ئۆكتۆبەری2024 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دەستپێكردنی ئامادەكاری بۆ وەرزی باران و بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراوی دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاو لە سەنتەری شاری هەولێر و شارەوانییەكانی دەوروبەری كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و شارەوانییەكانی هەولێر، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئاو، ئاوەڕۆ، پارك و باخچەكان، خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكانی هەولێر ئامادەی بوون، چۆنیەتی ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی زستان و بارانبارین بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی باران گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی راسپارد لە ئێستاوە دەست بە ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو وەرزە بكەن و رایسپاردن ئاوەڕۆكانی شاری هەولێر و شارەوانییەكانی دەوروبەری خاوێنبكەنەوە و ئەو شوێنانە دەستنیشان بكەن كە لە ساڵانی رابردوودا لافاو لێان رووی دەدا یان ئاوی بارانیان لێ كۆدەبووەوە، هاوكات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لێكردن بەزووترین كات چەندین تیمی تایبەتمەند دروست بكەن و بەردەوام چاودێری ئاوەڕۆكان و ئەو شوێنانە بكەن كە گرفتی كۆبوونەوەیان ئاویان هەیە و گرفتەكان چارەسەر بكەن بۆ رێگریكردن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراوی دروستبوونی لافاو یان كۆبوونەوەی ئاو".

باسلەوەشکراوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر هەر جۆرە هاوكاری و پاڵپشتی و هەماهەنگییەك بۆ بە باشی بەڕێوەچوونی پلان و ئامادەكارییەكانی فەرمانگەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاو لە سەنتەری شاری هەولێر و شارەوانییەكانی دەوروبەری هەولێر كردەوە.