سێ کەشتیوانی ئاسمانیی چین، کە یەکەم ژنە ئەندازیاری گەشتی ئاسمانیی چینی تێدایە، گەیشتنە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی تیانگۆنگی تایبەت بە چین، دوای ئەوەی لە رۆژی چوارشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2024، لە ئەرکی شێنجۆ-19 بەڕێکەوتن.
تیمە نوێکە، لەلایەن چای شوجێوە کە فەرماندەیەکی دێرینی چینە، سەرکردایەتی دەکرێت و تەنیا ژنە ئەندازیاری گەشتی ئاسمانی چینیش ئەندامێکی تیمەکەیە، لە وێستگەی تیانگۆنگ، ژمارەیەک تاقیکردنەوەی زانستی ئەنجامدەدەن و ئەو تیمەی پێشتر لە وێستگەکە نیشتەجێبوون، لە 4ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دەگەڕێنەوە بۆ زەوی.
گەشتەکە نوێترین پێشهاتە لە پرۆگرامی گەشەسەندنی بۆشایی ئاسمانی چین، کە ئامانجییەتی تاوەکو ساڵی 2030 کەشتیوانەکانی بنێرێتە سەر مانگ و بنکەیەک لەوێ دروستبکات.
وێستگەی بۆشایی ئاسمانی چین ناوی تیانگۆنگە، هەر شەش مانگ جارێک، کەشتیوانەکانی ئاڵوگۆڕ پێدەکات و جەوهەری پرۆگرامی بۆشایی ئاسمانی چینە، لە ساڵی 2021ەوە هەڵدراوە بۆ خولگەی زەوی، وا بڕیارە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەکاربهێنرێت.
چین هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی پلانەکانی لە بۆشایی ئاسمان چڕکردووەتەوە و سێیەم وڵاتە کە توانیویەتی مرۆڤ بنێرێتە خولگەی زەوی، هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا، کەشتی ئاسمانیشی ناردووەتە سەر مانگ و مەریخ.