وردەکاریی هەڵاتنی زیندانییەک لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی

test
پاسەوانێک دەرگای یەکێک لە زیندانەکان دەکاتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دواى ئەوەى کەسێک سەردانى برا زیندانییەکەى کردووە لە چاکسازیى گەورانى سلێمانى کە سزاى لەسێدارەدانى هەبووە، خۆى لە شوێنیدا ماوەتەوە و برا زیندانییەکەى هەڵاتووە، دواتر ئەو کەس و دوو براى دیکەى دەستگیرکراون و گەڕان بەدواى زیندانییە هەڵاتووەکەشدا بەردەوامە.

ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ لە کاتی سەردانیکردنی کەسوکاری زیندانیان بۆ لای زیندانییەکانیان لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی، زیندانییەک لەگەڵ براکەی جلەکانی گۆڕیوەتەوە و چووەتە دەرەوەی چاکسازییەكە و براکەی لە شوێنی ئەو ماوەتەوە.

گوتیشی، ئەو زیندانییەی هەڵاتووە، بە ماددەی 406 تاوانبار کراوە و سزای لەسێدارەدانی هەیە.

 بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، دوو برای دیکەی زیندانییەکە بۆ ئەو هاڵاتنە هاوکاربوون و لە ئێستادا لەگەڵ براکەی دیکەیان دەستبەسەرن و ئەو زیندانییەش کە هەڵاتووە هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا دەگەڕێن.

ئیحسان عەبدولرەحمان جەختیکردەوە، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکهێنراوە و رۆژی یەکشەممە دەستبەکاردەبن، هەر کارمەندێک یاخود هەر کەسێکی دیکە هاوکاربووبن لەو کارە دەستگیر دەکرێن و رادەستی دادگا دەکرێن.

loading....