شاومی نەوەیەکی نوێی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی نمایشکرد

ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئێس یو ی ئەڵترای کۆمپانیای شاومی

کۆمپانیای شاومی، بەرهەمهێنەری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بە مۆبایلە زیرەکە هەرزانەکانی ناسراوە، نەوەیەکی نوێ و خێراتری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی نمایشکرد.

رۆژی چوارشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمپانیای شاومی لە میانی کۆنفرانسێکی چوار کاتژمێریدا، ئۆتۆمبێلی ئێس یو سێڤن ئەڵترا "SU7 Ultra"ـی نمایشکرد، لی جون، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش دەڵێت، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەیان دەبێتە خێراترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی چوار دەرگا، تەنیا لە ماوەی 1.98 چرکەدا، خێراییەکەی لە سفرەوە دەگاتە 60 میل لە کاتژمێرێکدا.

نرخی ئۆتۆمبێلە نوێکەی شاومی، 114 هەزار و 285 دۆلاری ئەمریکییە و دەبێتە رکابەری ئۆتۆمبێلەکانی تێسلا، کۆمپانیاکە راشیگەیاند، لە 10 خولەکی یەکەمی نمایشکردنی ئۆتۆمبێلەکە، سێ هەزار و 680 داواکاری پێشوەختەیان تۆمارکردووە، بڕیارە لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو بەردەستبێت.

لە کۆنفرانسەکەدا، کۆمپانیاکە کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەشی بڵاوکردەوە کە پێکهاتبوون لە مۆبایلی زیرەکی شاومی 15، تابلێت و ژمارەیەک ئامێری ناوماڵ.