وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، ئەنجامەکانی زانکۆلاین رادەگەیەنرێت و هەموو ئەو خوێندکارانەی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە ناویان دەگەڕێتەوە.
ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجامەکانی زانکۆلاین رادەگەیەندرێت.
ئارام محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو خوێندکارانەی فۆرمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە ناویان دەگەڕێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، راگەیاندنی ئەنجامەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامدەدرێت و دوای ئەو هەنگاوە، لە رۆژی 10ـی تشرینی دووەمی 2024، پرۆسەی خوێندنی قۆناغی یەکەم لە زانکۆکان دەستپێدەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت وەرگیراوەکان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان راستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیان بکەن بۆ ئەو مەبەستەش زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی پێویست دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوان بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025.