گەڕى یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران بەڕێوەچوو

گەڕی یەکەمی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

دواى نزیکەى یەک ساڵ، ئێوارەى ئەمڕۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە، لەکۆبوونەوەکەدا چوار بەربژێر کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن کرد، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانى لە گەڕى یەکەمدا سەرکەوتووبن.

هەریەک لە مەحمود مەشهەدانى، سالم عیساوى، عامر عەبدولجەبار و تەڵاڵ زوبەیعى کێبرکێیان لەسەر پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران کرد، لەگەڕى یەکەمى دەنگدان، مەحمود مەشهەدانى 153 دەنگ و سالم عیساوى 95 دەنگ و عامر عەبدولجەبار نۆ دەنگییان بەدەستهێنا.

دارا سێکانیانى ئەندامى لیژنەى یاسایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەکەناڵ8ـى راگەیاند، پێویستە ئەو کەسەى دەبێتە سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران، 50+1ـى کۆى دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەران بەدەستبهێنێت کە دەنگى 166 ئەندامى ئەنجوومەنەکەیە.

گوتیشى، چەند پرۆسەکە دوابکەوێت بەگوێرەى یاسا دەبێت سەرۆکى ئەنجوومەن ئەو رێژە دیاریکراوەى دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەوکات دەبێت بە سەرۆکى ئەنجوومەن.

بڕیارە ئەمشەى گەڕى دووەمى هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران بەڕێوەبچێت و کێبڕکێکە لەنێوان مەحمود مەشهەدانى و سالم عیساویدا دەبێت.