گەڕی دووەمی دەنگدانی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بە بەشداریی 269 ئەندام کۆتاییهات و مەحمود مەشهەدانی، بەربژێری پارتی عەزم کە زۆرینەى سوننەکانن، بە سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبژێردرا.
دواى ئەوەى لە گەڕى یەکەمدا مەشهەدانى 153 دەنگى بەدەستهێنا، دانیشتنى دیاریکردنى سەرۆکى نوێى ئەنجوومەنى نوێنەران چووە گەڕى دووەمەوە و لە گەڕى دووەمدا کێبڕکێکە لەنێوان مەحمود مەشهەدانى و سالم عیساویدا بوو، مەشهەدانى لەکۆى 269 پەرلەمانتار، 182 دەنگى بەدەستهێنا و سالم عیساوى تەنیا 42 دەنگى بەدەستهێنا.
دواى هەڵبژاردنى وەکو سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران، مەحمود مەشهەدانى رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بن، گوتیشى بەڵێن دەدەم وەک تیمێکی یەکگرتوو یاساگەلێک دەربکەین خزمەت بە وڵاتەکەمان بکات و هەڵوێستی خۆمان بۆ پشتیوانی لە گەلانى فەڵەستین و لوبنان دووپاتدەکەینەوە.
مەحمود مەشهەدانی راشیگەیاند، بە وتار و دروشم رازیی نابین و لەگەڵ هەموو پەرلەمانە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان فشاردەکەین بۆ بەدەستهێنانی بڕیارنامەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست لە غەززە و لوبنان.
هەریەک لە سەرۆککۆمارى عێراق و سەرۆکوەزیران و بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى و ژمارەیەک لە بەرپرسى باڵاى دیکەى عێراق، پیرۆزباییان لە مەحمود مەشهەدانى کرد.
مەشهەدانى پێشتریش لەنێوان ساڵانى 2006 بۆ کۆتایی 2008 سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بووە.