کات و شوێنی بارانی چڕ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

شەقامێکی سلێمانی لەکاتی بارانبارین. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

ژووری ئۆپراسیۆن و بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات، کات و ئەو شوێنانەی بڵاوکردەوە کە زۆرترین بارانی لێدەبارێت و دەڵێت: لە سلێمانی 30 بۆ 40 ملیمەتر باران دەبارێت.

ژووری ئۆپراسیۆن و بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی، هاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە تاوەکو شەوی یەکشەممە لە زۆربەی ناوچەکان باران بە چڕی دەبارێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا بڕی بارانی پێشبینیکراو لە هەولێر 20 بۆ 30 ملیمەترە، لە سلێمانی 30 بۆ 40 ملیمەترە، لە دهۆک 15 بۆ 20 ملیمەترە، لە هەڵەبجە 35 ملیمەترە، لە کەرکوک 15 بۆ 20 ملیمەترە، لە گەرمیان 20 بۆ 30 ملیمەترە، لە زاخۆ 15 ملیمەترە، لە سۆران و راپەڕین بڕی بارانی پێشبینیکراو 25 بۆ 35 ملیمەترە.

هاوکات، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێوارەى رۆژى شەممە لە ئەنجامى یەکگرتنى دوو نزمەپاڵەپەستۆ، هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکى بارانبارین، زۆرترین رێژەى بارانبارینى پێشبینیکراو لە ماوەى ئەم شەپۆلە دەکەوێتە رۆژى یەکشەممە، لەگەڵ بارانبارین هەورە تریشقە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە و پلەکانى گەرما دوو بۆ پێنج پلە نزم دەبنەوە و خێرایی با زیاد دەکات و دەگاتە سەرووى 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و رۆژى دووشەممە کاریگەریى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنیتەوە رۆژى سێشەممە کۆتاىی دێت.