بۆ رێگری لە لافاو تیمەکانی بەرگریی شارستانی کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

دیمەنی کۆبوونەوەى ئاو و دروستبوونى لافاو لە گەڕەکى تەیراوا لە شارى هەولێر. فۆتۆ: کەناڵ8

بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ، تیمەکانیان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەگوێرەی دوایین پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و بەلێزمە زۆربەی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سبەی شەممەوە دەستپێبکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت زۆرترین رێژەی بارانبارین سنووری پارێزگای سلێمانی بگرێتەوە و 40 ملیمەتر باران ببارێت و کەمترین رێژەش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بێت کە 15 ملیمەتر باران دەبارێت.

دەشڵێت: سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان، بۆ هەر ئەگەرێک و پێشهاتێکی لە ناکاو.

بەرگریی شارستانی باسی لەوەشکردووە، "لە سەنتەری شارەکان ئامادەباشیی تەواو کراوە بۆ پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان و کردنەوەی رێڕەوی ئاوی قورس و ئاوی باران لەلایەن تیمەکانی شارەوانی، گرنگە هاونیشتمانییان بەگوێرەی رێنماییەکان هەڵسوکەوت بکەن بۆ سەلامەتیی هەموولایەک" .

داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، دووربکەونەوە لەو شوێنانەی کە لە ساڵانی رابردوو ئاوی لێ کۆدەبووەوە، بە تایبەتی ژێرپردەکان و ئەو ناوچانەی رێڕەوی ئاون .

بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رێنمایی بۆ دەرەوەی شارەکان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ناوچە نزمەکان بەتایبەتی کەند و چەمەکان مەترسیدارن بەهۆی هاتنی ئاوی باراناو بۆیە دووربکەونەوە لەو ناوچانە .

داواش دەکات، شوانکار و مەڕداران دەبێت لەو ناوچانەی رێرەوی ئاوی بارانن دووربکەونەوە بۆ سەلامەتی خۆیان .

دەشڵێت: لە دەشت و ناوچە شاخاوییەکان بروسکە و هەورەتریشقە مەترسیدارن، شوانکار و مەڕداران و گوندنشینان دەبێت وریابن .

داواشیکردووە هاونیشتمانییان بۆ سەلامەتیی خۆیان گەشت نەکەن، لەهەر بارودۆخێکدا بوون و پێویستییان بە هاوکاری بوو بەزووترین کات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانی ژمارە 115 بکەن.