مانگی نۆڤەمبەر، مانگی هۆشیاری سەبارەت بە شێرپەنجەی سییەکانە
تاوەکو ئەم ساتەش سەرەکیتریین هۆکاری مردن بەهۆی شێرپەنجە لەنێو هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە لە سەرتاسەری جیهاندا، شێرپەنجەی سییەکانە! واتا کوشندەترین شێرپەنجەیە.
زۆربەی هەرەزۆری شێرپەنجەی سییەکان کاتێک دەستنیشان دەکرێت کە کەسی تووشبوو لە قۆناغی کۆتایی نەخۆشییەکەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە نەخۆش لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە هیچ نیشانەیەکی نییە، یانیش نیشانەکانی تایبەت نین بە شێرپەنجەکە.
ئێستا دوو سەرەکیتریین رێگە بۆ کەمکردنەوە و رێگرییکردن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان بریتیینلە:
یەکەم - دوورکەوتنەوە لە کێشانی تووتن و جگەرە و پاراستنی ژینگە
دووەم - سیستمی سکرینینگ یان دەستنیشانکردنی پێشوەختە
لەم چەند ساڵەی دواییدا، کۆمەڵە پزیشکییەکانی سنگ و سییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا، دوای چەند توێژینەوەیەکی تۆکمە لەسەر بابەتی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەکان، چەند رێکارێکی نوێیان ئاماژە پێدا، دوای ئەوە رێکارەکان بوون بە رێکارێکی کلینیکیی پزیشکی بۆ دەستنیشانکردنی پێشینەی شێرپەنجەی سییەکان.
پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەکان چۆن و بۆ کێ دەکرێت؟
وەڵام:
لەڕێگەی پشکنینی سیتی یان (تیشکی مفراز)ـەوە دەبێت، بە جۆرێک کە رێژەیەکی کەم لە تیشکەکە بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ماک و لێکەوتەکانی تیشکەکە لە داهاتوودا.
کێ پێویستە بیکات؟ هەموو جگەرە کێشێک پێویستە بیکات؟
وەڵام:
نەخێر، بۆ هەموو جگەرە کێشێک ناشێت، تەنیا ئەم گرووپانە دەگرێتەوە:
- دەبێت تەمەنی کەسەکە لە نێوان (50 بۆ 80 ساڵ) بێت، تەمەن لەم رێژەیە کەمتر و زیاتر ناگرێتەوە.
- لانیکەم رۆژانە بیست جگەرەی کێشابێت بۆ ماوەی بیست ساڵ یان زیاتر، یان ڕۆژانە چل جگەرەی کێشابێت بۆ ماوەی 10 ساڵ یان زیاتر.
- یان ئەو کەسانەی گروپەکەی سەرەوە کە ئێستا وازیان لە جگەرە كێشان هێناوە بەڵام ماوەی وازهێنانەکە کەمترە لە 15 ساڵ ئەوا دەیانگرێتەوە، ئەگەر 15 ساڵ زیاتر بێت وازهێنانەکە، نایانگرێتەوە.
- کەسەکە نابێت هیچ نیشانەیەكی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکانی هەبێت.
ئایا سوودی ئەم دەستنیشانکردنە پێشینەیەی شێرپەنجەی سییەکان چییە؟
وەڵام:
دەتوانین بەم رێگەیە بەشێکی بەرچاوی نەخۆشییەکە لە قۆناغەکانی سەرەتایی دەستنیشان بکەین، ئەو کاتە چارەسەر ئاسان و گونجاوتر دەبێت و دەشێت ژیانی کەسی تووشبوو بۆ ماوەیەکی بەرچاو درێژبکرێتەوە.
بەهیوای سەلامەتیی بۆ هەموو لایەک
د.زانا دزەیی
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو
پسپۆڕی تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی هەناسەدان و سییەکان