وەزیری ئابووریى ئێران: نابێت گومرگى سەر ئایفۆن لە 30% زیاتر بێت

عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، نابێت گومرگ بۆ هاوردەکردنی مۆبایلی ئایفۆن 30% زیاتر بێت، ئەوەش دواى ئەوە هات هەفتەى رابردوو حکومەت بڕیارى تۆمارکردنى مۆبایلى ئایفۆنى پەسەندکرد.

عەبدولناسر هیمەتی، رایگەیاند، بڕیاری پێشتر بۆ گومرگی مۆبایلی ئایفۆن بەرێژەی 96%، بڕیاری وەزارەتەکەیان نەبووە و گۆڕانکاری لەو بڕیارەدا دەکرێت.

گوتیشى "گومرکی زیاتر لە 30% بۆ هاوردەکردنی مۆبایلی ئایفۆن بە گونجاو نازانین". روونیکردەوە مۆبایلی ئایفۆن هاوشێوەی مۆبایلەکانی دیکە بە دۆلاری حکومی هاوردە دەکرێت و جیاوازی لە نرخی دۆلار بۆ هاوردەی مۆبایلەکاندا ناکرێت. گوتیشى "دابینکردنی دۆلار بۆ هاوردەکردنی ئایفۆن لە چوارچێوەی بەرنامەکانی بانکی ناوەندیدا دەبێت".

ئەمە پاش ئەوەدێت، ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران، رۆژى چوارشەممە 30ـی تشرینی یەکەم لە پاش کۆبوونەوەی حکومەت رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری تۆمارکردنى ئایفۆن پەسەندکرا و بەمزووانە پرۆسەی ریجستەرکردنی مۆبایلەکانی ئایفۆن دەستپێدەکات.

هەروەها عەبدولمەهدی ئەسەدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆبایل لە ئێران رایگەیاند، بەو بڕیارەی حکومەت نزیکەی یەک ملیۆن ئایفۆنی 14 و 15 لە ئێران چالاک دەبن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆبایلی ئێران گوتیشی "تاوەکو ئێستا بە بەهای 900 ملیۆن دۆلار مۆبایلی ئایفۆنی 14 و 15 بە نایاسایی هێنراونەتە ئێران، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بوایە و بە هاتنی ئایفۆن 16 تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، ئایفۆنی هاوردەکراوی نایاسایی بۆ ئێران بەهاکەی دەگەیشتە زیاتر لە یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار".