ناوبینیی کۆڵۆن جۆرێکە لە پشکنین و هەندێجاریش چارەسەر بۆ نەخۆشییەکانی کۆڵۆن، ئەم پشکنینە لەڕێگەی بینینی راستەوخۆی ناوپۆشی کۆڵۆنەوە دەکرێت.
بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینەش پێویستە چارەخواز چەند ئامادەکارییەک بکات وەکو خواردنەوەی بڕێک لە دەرمانە دژە قەبزییەکان کە وادەکات ریخۆڵەی کەسەکە هیچ جۆرە پاشماوەیەکی تێدانەمێنێت و ئامادەبێت بۆ پشکنینەکە.
زۆرجار چارەخوازان قۆناغی خۆئامادەکردنەکەیان پێ ناڕەحەتە کە تێیدا گیراوەیەک لە دەرمانە دژە قەبزییەکان دەخۆنەوە و هەندێجار دەکرێت هۆکاربێت بۆئەوەی کە کەسەکە ئەم پشکنینە زۆر گرنگە دوابخات یان نەیکات.
بۆئەوەی پڕۆسەی خۆئامادەکردنەکە ئاسانترببێت و هێندە ناڕەحەت نەبێت، هەندێک رێنمایی سادە هەن کە لەم کاتەدا یارمەتیدەردەبن وەکو:
- ساردکردنی گیراوەکە
- خواردنەوەی گیراوەکە لەڕێگەی قەسەبەوە
- گازگرتن لە پارچەیەک لیمۆ پاش خواردنەوەی بەشێک لە گیراوەکە
- جوینی بنێشت لە نێوان قومەکاندا یارمەتیی کەمکردنەوەی تامی ناخۆشی گیراوەکە و دەموشکی دەدات
- خواردنەوەی گیراوەکە لە دوو رۆژی جیاوازدا، نیوەی لە رۆژێک پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە، نیوەکەی دیکەش لە رۆژی پشکنینەکەدا
- ئەو کەسانەشی تووشی دڵتێکەڵهاتن دەبن، باشترە هێواشتر گیراوەکە بخۆنەوە