کەسێک شێرپەنجەی هەبێت و واز لە جگەرەکێشان بهێنێت چی روودەدات؟

لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە کە وازهێنان لە جگەرە تەنانەت لە پاش تووشبوون بە شێرپەنجە، بەرێژەی %26 ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە کەمدەکاتەوە.

توێژینەوەکە لە رۆژی 31ـی ئۆکتۆبەردا لە گۆڤاری جاما بڵاوکرایەوە و تێیدا دەرکەوتووە، ئەنجامەکان لەو کەسانەدا زۆر دڵخۆشکەرتربوون کە لە ماوەی شەش مانگی پاش دەستنیشانکردنیان بە شێرپەنجە وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە.

لەگەڵ ئەوەی سەنتەرەکانی شێرپەنجە زۆر گرنگی بە وازهێنان لە جگەرە دەدەن بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکە، بەڵام هێندە بە گرنگییەوە باس لە وازهێنان لە جگەرەکێشان ناکەن لە پاش تووشبوون بە نەخۆشییەکە.

لە توێژینەوەکەدا توێژەران چاودێریی زیاتر لە 4 هەزار و 500 کەس کرد کە تووشبووی شێرپەنجە بوون و لەسەر پڕۆگرامی وازهێنان لە جگەرەکێشان بوون.

لە ئەنجامەکاندا دەرکەوت، ئەو کەسانەی کە بەتەواوی توانیان واز لە جگەرەکێشان بهێنن بە تێکڕا تاوەکو چوار ساڵ ژیان، لەکاتێکدا ئەو کەسانەی کە کە نەیانتوانی و بەردەوامبوون لە جگەرەکێشان تێکڕای تەمەنیان لە پاش دەستنیشانکردنیان بە شێرپەنجە تەنیا دوو ساڵ بوو، کە ئەمەش جیاوازییەکی گەورە بوو.

هەربۆیە لێرەدا گرنگیی وازهێنان لە جگەرەکێشان لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا دەردەکەوێت، تەنانەت پاش تووشبوون بە نەخۆشییە جیاوازەکان تیاشیاندا شێرپەنجە.