هەرێمی کوردستان و عێراق چوارەم هاوردەکاری تورکیان

برنجی هاوردەکراو بۆ عێراق

وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و عێراق چوارەم وڵاتی هاوردەکاری کەلوپەل و شمەکی ئەو وڵاتەن.

بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، لە ماوەی مانگی رابردوودا هەرێمی کوردستان و عێراق بە بەهای ملیارێک و 238 ملیۆن دۆلار کەلوپەل و شمەکیان لە باکووری کوردستان و تورکیاوە هاوردەکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا  هەرێمی کوردستان و عێراق بە بەهای ملیارێک و 133 ملیۆن دۆلار کەلوپەل و شمەکیان لە باکووری کوردستان و تورکیاوە هەناردە کردبوو.

وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مانگی رابردوو 47.6٪ـى ئەو کەلوپەل و شمەکانەی هەناردەی دەرەوە کراون ماددەی خاو بوون، 37.3٪ ماددەی بەکاربەر و 12.7٪یش ماددەی بواری وەبەرهێنان بوون.

هاوکات، لە ماوەی مانگی رابردوو شارەکانی باکووری کوردستان بە بەهای ملیارێک و 77 ملیۆن و 551 هەزار دۆلار و لە 10 مانگی ئەمساڵدا بە بەهای نۆ ملیار و 610 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار کەلوپەل و شمەکیان هەناردەی دەرەوە کردووە، بەشێکی زۆریشی هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.