وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
دوێنێ سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "هەفتەى رابردوو شاندێکى تەکنیکى و ژمێرکارى سەردانى بەغدادیان کرد و لیستى مووچەیان پێش خۆیان رەوانەى بەغداد کردبوو، بەڵام بەهۆى تێبینى لەسەر لیستەکە، لەلایەن لیژنەى تەکنیکیی وەزارەتى دارایی عێراقەوە، لیستەکە وەرنەگیرا و نێردرایەوە بۆ هەرێمى کوردستان."
گوتیشى، هەفتەى رابردوو لیستەکە بەشێوەى ئەلیکترۆنى نێردرابوو، لە ئێستاشدا وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، سەرقاڵى چارەسەرکردنى ئەو تێبینییانەی وەزارەتى دارایی عێراقە و رۆژی یەکشەممە یاخود دووشەممە لیستەکە بە ئەلیکترۆنى و کاغەز رەوانەى بەغداد دەکەین.