کەشناسیی سلێمانی: لە 24 کاتژمێری رابردوو 25.6 ملیمەتر باران لە سەنتەری سلێمانی باریوە

دیمەنی بارانبارین لە سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 25.6 ملیمەتر باران لە سەنتەری شاری سلێمانی باریوە و بارانبارین ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 25.6 ملیمەتر باران لە سەنتەری شاری سلێمانی باریوە و کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ گەیشتووەتە 30.7 ملیمەتر.

گوتیشی، ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم بەروارە تەنیا 9.3 ملیمەتر بارانباریبوو، بەوەش ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو 21.4 ملیمەتر باران زیاتر باریوە.

ئاسۆ کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رەوشی کەشوهەوایەی رووی لە ناوچەکە کردووە، ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و بەگوێرەی پێشبینییەکان باران دەبارێت.