رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی تانەی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆن کرد و دەڵێت: پاش سەلماندنی ساختەکاری، پێویستە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە.
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە تانەی فەرمیی خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکرد و لە تانەکەدا بەوردی هەموو بوارەکانی پێشێلکاری و ساختەکاری خراوەتەڕوو، دەیان لایەنی کێشەی هەڵبژاردنەکان لە رووی یاسایی و تەکنیکییەوە خراوەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەدەر لە ساختەکارییەکان 210 هەزار دەنگ سوتێنراون، زیاتر لە 100 هەزار کەس بەبیانووی پەنجەمۆر بێبەشکراون لە دەنگدان، تەنیا ئەوە 15 کورسیی پەرلەمانە.
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانیی دەڵێت: چەندین وردەکاریی پەیوەست بە ساختەکاری و پێشێلکارییەکان بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان روونکراوەتەوە و پێشتر و لەم سکاڵایەشدا داوای 'سۆفتوێری' کردووە بۆ سەلماندنی ساختەکاری و گۆڕینی ئەنجام، بەبیانووی ئەوەی لای کۆمپانیای کۆرییەکەیە نەدراوە.
لە راگەیەندراوەکەی رەوتی هەڵوێستدا هاتووە، "بۆ راستکردنەوەی رێکارەکانی هەڵبژاردن لە کوردستان و عێراق، داوای لێکۆڵینەوەی وردی یاسایی و تەکنیکییان کردووە بۆ سەلماندنی ساختەکاری، پاش سەلماندن پێویستە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە".