هۆرمۆنەکانی لەشجوانی ئێستا لەناو وەرزشواناندا باون و بەشێوەیەکی بەرچاو بەکارهێنانیان زیادیکردووە. ئەم هۆرمۆنانە سەر بە خێزانی هۆرمۆنی ستیرۆیدن، کە بە هۆرمۆنی نێرینە ناسراوە.
جەستە بەگشتی خۆی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن بەرهەمدەهێنێت، لەبەرئەوەی پێویستە بۆ بەشێک لە فرمانە گرنگەکانی جەستە، تەنانەت لە خانمانیشدا ئەو هۆرمۆنە بەشێوەیەکی کەم هەیە.
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە، کەناڵ8 میوانداریی د. ئەحمەد ساڵەیی، پزیشكی کوێرەرژێنەکانی کرد.
د. ئەحمەد ساڵەیی ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەگەر بێتوو ئەو هۆرمۆنانە بەشێوازێکی نائاسایی لە جەستەی کەسێکدا کەمببنەوە، دەکرێت پزیشک وەکو دەرمان بیاننووسێت"
پزیشکەکە ئاماژەی بەوەدا کە جگە لە حاڵەتیی کەمیی هۆرمۆنەکان "لە هەر حاڵەتێکی دیکە هۆرمۆنی لەشجوانی بەکاربهێنرێت، مەترسیدار و هەڵەیە، چونکە وەرگرتنی ئەم هۆرمۆنانە دەبێتەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنە سروشتییەکانی جەستە و ماکی زۆریان دەبێت"
ماکەکانی وەرگرتنی هۆرمۆنەکانی لەشجوانی چین؟
"هۆرمۆنەکانی لەشجوانی ماکیان زۆرە، بەکارهێنانیان دەبێتەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ، بۆرییەکانی خوێن، گورچیلە، لاوازیی سێکسی، نەزۆکی و پوکانەوەی ئێسکەکان"
"بەشێکی دیکە لە ماکەکان دەروونین. کەسەکە دەکرێت تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانی وەکو خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببێت. هەروەها دەکرێت گرفتی کەسایەتیی بۆ دروستببێت"
بۆ ماوەی چەند بەکاریانبهێنیت زیانیان دەبێت؟
پزیشکەکەی کوێرەڕژێنەکان باسی لەوە کرد کە "هەندێکەس بە دووجار بەکارهێنان ماکیان دەبیت، هەندێکیشیان دەکرێت دوای بەکارهێنانێکی درێژتر ماکیان هەبێت. دوای وازهێنانیش، بەشێک لە ماکەکان لەوانەیە بمێننەوە، بۆنموونە نەزۆکی و لاوازیی سێکسی، بەڵام بەشێک لە ماکەکان دەکرێت دوای وازهێنان نەمێنن"
ئەو هۆرمۆنانە چۆن کاردەکەن؟
کاریگەریی ئەو هۆرمۆنانە بە دوو شێوازە، "بەشێکی پەیوەستە بە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ماسولکەکان، کە گەورەیان دەکات و بەهێزیان دەکات، بەشێکیشی پەیوەستە بە لایەنی دەروونی کەسەکەوە کە لە هۆڵەکانی لەشجوانی زیاتر فشار دەخاتەسەر خۆی، لەبەرئەوەی بۆچوونی وایە زیاتر لە کەسێکی دیکە دەتوانێت فشار بخاتە سەر خۆی"
د. ئەحمەد تکای لە گەنجان کرد کە بە هیچ جۆرێک لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە هۆرمۆنانە نزیکنەبنەوە، تەنانەت ئەوانەش کە بەکاریدەهێنن بەزووترین کات وازیلێبهێنن و سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕی کوێرەڕژێنەکان بکەن