بۆ یەکەمین جار لە چین چارەسەری شەکرەی جۆری یەک کرا

پسپۆڕانی چین توانیان بە گۆڕینی چەورییە خانەکانی خانمێک بۆ ئەو خانانەی کە ئینسۆلین دەردەدەن، نەخۆشیی شەکرەکەی چارەسەربکەن.

ماوەیەکی زۆرە کە پسپۆڕان هەوڵی کۆکردنەوەی بەڵگەی زانستیی تەواو دەدەن بۆئەوەی بتوانن لەڕێگەی دەستکاریکردنی خانە بنەڕەتییەکانەوە چارەسەری ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە بکەن.

ئینسۆلین هۆرمۆنێکە کە یارمەتیی چوونەژوورەوەی شەکر دەدات لە خوێنەوە بۆ ناو خانەکان بۆئەوەی خانەکان وزەیان دەستبکەوێت، بەڵام لە نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەکدا سیستمی بەرگری هێرش دەکاتەسەر ئەو خانانەی پەنکریاس کە بەرپرسن لە دروستکردنی ئەم هۆرمۆنە گرنگە.

بەبێ ئینسۆلین، خانەکان شەکریان پێناگات و ناتوانن وزەیان دەستبکەوێت، مانەوەی شەکر لەناو خوێنیشدا دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەکر تێیدا. لە هەندێک حاڵەتدا، بەهۆی هەوڵی زۆری خانەکانەوە بۆ دەستکەوتنی وزە، بڕێکی زۆر لە ترشەماددەکان دروستدەکرێن کە ئەمەش هەندێجار دەکرێت مەترسیی لەسەر ژیانی چارەخوازەکە دروستبکات و ببێتەهۆی گیانلەدەستدان.

لەم توێژینەوە نوێیەدا کە لە رۆژی 31ـی ئۆکتۆبەردا لە گۆڤاری خانەدا بڵاوکراوەتەوە، پسپۆڕان چەند نمونەیەکیان لە چەورییەخانەکانی خانمێک وەرگرت کە نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەکی هەبوو، بە بەکارهێنانی چەند ماددەیەکی کیمیایی چەورییەخانەکانیان گۆڕی بۆ جۆرێکی بنەڕەتەخانە کە دەکرێت پاشان تایبەتمەندی هەر خانەیەک وەربگرن کە پێویستبێت، پاشان پسپۆڕەکان هەستان بە گۆڕینی ئەم بنەڕەتەخانانە بۆ ئەو خانانەی پەنکریاس کە بەرپرسن لە دەردانی ئینسۆلین، پاش هەموو شتێک ئەم خانە نوێیانە لە سکی خانمەکەدا چێنران.

پێش ئەم تاقیکردنەوەیە، خانمەکە نەیدەتوانی بە ئاسانی کۆنترۆڵی رێژەی شەکر لە خوێنیدا بکات، بەڵام پاش تاقیکردنەوەکە خانمەکە %98ـی کاتەکان شەکرەکەی کۆنترۆڵبوو، تەنانەت پاش ماوەی 75 رۆژ لە چاندنەکەش، بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرەکەی پێویستی بە دەرزیی ئینسۆلین نەبوو.