وڵاتی ئیندۆنیزیا رایگەیاندووە، فرۆشتنی ئەو مۆبایلە زیرەکانەی کە لەلایەن کۆمپانیای ئەلفابێتی گوگڵەوە دروستکراون قەدەغەدەکات، بەهۆی ئەوەی یاسای وڵاتەکەیان پێشێلکردووە و چەند رۆژێک پێش ئەمەش، فرۆشتنی ئایفۆن 16ی بە هەمان هۆکار قەدەغەکرد.
بەپێی یاسایەکی ئیندۆنیزیا، کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری مۆبایلە زیرەکەکان، دەبێت %40ـی پارچەی دروستکراوی ناوخۆی وڵاتەکە لە بەرهەمەکانیاندا بەکاربهێنن، ئەلفابێت و ئەپڵیش، پێشێلی ئەم یاسایەیان کردووە.
فیبری هێندری، وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی ئیندۆنیزیا رایگەیاند؛"ئەم یاسایانە دەسەپێنین تاوەکو دادپەروەری بۆ هەموو وەبەرهێنەران لە ئیندۆنیزیا هەبێت" هەروەها وتیشی:"بەرهەمەکانی گوگڵ پابەند نەبوون بەو پلانەی کە ئێمە دامانناوە، بۆیە لێرە ناتوانرێت بفرۆشرێن".
گوگڵ رایگەیاند، بە فەرمی مۆبایلی پیکسڵ لە ئیندۆنیزیا نییە، فیبری ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارهێنەران دەتوانن مۆبایلەکانی گوگڵ پیکسڵ لە دەرەوەی وڵات بکڕن، بە مەرجێک باجی پێویست بدەن، بە پێچەوانەوە ناچالاک دەکرێن.
هەرچەندە ئەپڵ و گوگڵ فرۆشیاری سەرەکی مۆبایل نین لە نیندۆنیزیا، بەڵام وڵاتەکە دانیشتووانێکی زۆر و شارەزای تەکنەلۆجیای هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بازاڕێکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنانی پەیوەست بە تەکنەلۆجیا.