بۆچی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان پاڵپشتیی ترەمپ دەکات؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا و سپەیسئێکس لە یەکێک لە بانگەشەکانی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا 2024. وێنە: AFP

زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و دامەزرێنەری تێسلا و سپەیسئێکس، گەورەترین پاڵپشتیکەری دۆناڵد ترەمپە.

ئیلۆن مەسک، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، دەستەیەکی تایبەتی دروستکردووە بۆ پاڵپشتیکردن لە ترەمپ و خۆی یەکێکە لە بەخشەری سەرەکیی دەستەکە، تاوەکو ئێستا بڕی 75 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتی لە ترەمپ خەرجکردووە.

کاری دەستەکە ئەوەیە دەرگا بە دەرگا دەگەڕێن و دەیانەوێت پاڵپشتیی ئەمریکییەکان وەربگرن، لەبارەی دەستووری یەکەم و دووەمی وڵاتەکە، دەستووری یەکەم، پاڵپشتیی مافی ئازادیی رادەربڕین دەکات، دەستووری دووەم، رێگە دەدات هاوڵاتییانی مەدەنی چەک هەڵبگرن.

مەسک بڕیاریداوە رۆژانە یەک ملیۆن دۆلار بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ببەخشێتە یەکێک لەو کەسانەی بڕیاردەدەن نووسراوەکە واژۆ بکەن.

ئەم هەنگاوەی ملیاردێرەکەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و هەندێک بە کڕینی دەنگی دەنگدەران ناویدەبەن، هاوکات وەزارەتی دادیش هۆشداری داوە کە رەنگە یاسای فیدراڵی پێشێلبکات، تاوەکو ئێستا دادوەری فیلادلفیا سکاڵای لەمبارەیەوە لەسەر مەسک تۆمارکردووە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، مەسک کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو پاڵپشتیی بەربژێری دیموکراتەکانی کردووە، ئێستا بۆ بووەتە پاڵپشتیکەری بەربژێری کۆمارییەکان ؟

مەسک لە ساڵی 2022ەوە و لەدوای کڕینەوەی کۆمپانیای تویتەرەوە و گۆڕینی بۆ ئێکس، پاڵپشتییەکانی وردە وردە بۆ ترەمپ دەستیپێکرد.

مەسک پێیوایە دیدگای ترەمپ لەگەڵ بیروبۆچوونەکانیدا یەکدەگرێتەوە، مەسک داکۆکی لە رێکخستنەوەیەکی بەرچاو و کەمکردنەوەی سنووربەندییەکان دەکات، بەتایبەتی لە گەڕانەکانی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسماندا، ئەو دەڵێت ئەو هەموو سنووردارکردنەی کە هەیە رێگری لە بەرەوپێشچوون دەکات.

لە یەکێک لە بانگەشەکانیدا بۆ ترەمپ، مەسک رایگەیاند:" زۆر گفتوگۆم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کردووە و زۆر هاوڕاین لە بیرکردنەوەدا لەوەی پێویستمان بە چاکسازییەکی بەرچاوی حکومەتە، پێویستە حکومەت لە ژیانی خەڵک جیابکەینەوە، بەڕاستی، وە ئەمریکا بکەینەوە بە خاکی ئازادی، هەر ئەمەشە ئەمریکای مەزن کردووە، خاکی ئازادی و دەرفەتە”.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە دەکرێت پێگەیەک بێت لە حکومەتی داهاتووی ئەمریکا، ترەمپ پێشنیازیکردووە مەسک وەکو "سکرتێری کەمکردنەوەی تێچوونەکان" دەستنیشانبکرێت، ئەمەش دەتوانێت سوودێکی بەرچاو لە بابەتی باجدا بداتە مەسک و بازرگانییەکانی، کە ترەمپ پاڵپشتیی کەمکردنەوەی و کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکانیش زیادکردنی دەکات.

مەسک بە تەواوی پاڵپشتیی مافی ئازادی رادەربڕین دەکات، بەتایبەتیش لە پلاتفۆرمی ئێکس، ئەمەش لەگەڵ رەخنەکانی ترەمپ لەبارەی سانسۆرکردنی پلاتفۆرمە ئۆنڵاینەکان و میدیا یەکدەگرێتەوە.

هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە "تروث سۆشیاڵ" تۆڕە کۆمەڵایەتیییەکەی دۆناڵد ترەمپ، بەمدواییانە لە بەهای بازاڕدا پێش تۆڕی ئێکسی ئیلۆن مەسک کەوتووە، لەکاتێکدا مەسک زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردن لە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ تەرخانکردووە.