/

هۆشداری دەدرێت سەبارەت بە کەمخەوی لە تازەپێگەیشتوواندا

کەمخەوی


سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان، ئاگادارکردنەوەیەکی سەبارەت بە گرفتە دەروونییەکانی کەسانی تازەپێگەیشتوو و بەرزبوونەوەی ژمارەی حاڵەتەکان لەو تەمەنەدا بڵاوکردەوە. بە گوێرەی بڵاوکراوەکە، لە هەر 10 کەسێکی پێگەیشتوودا، چواریان باسیان لەوە کردووە کە بە بەردەوامی غەمبار و بێهیوان. لە هەر پێنج کەسێکیش، یەکێکیان بیری لە هەوڵی خۆکوشتن کردووەتەوە.

دێبرا هۆری، جێگری بەڕێوەبەر لە سەنتەری کۆنتۆڵکردنی نەخۆشییەکان، سەبارەت بەم ژمارانە دەڵێت: "ئەم ئامارانە هاواری گریانن بۆ یارمەتی. کۆڤید19 ئەوەندە گوشار و زەبری دەروونیی جێهێشتووە کە کاریگەریی گەورەی لەسەر تەندروستیی خوێندکارانیش هەیە."

لە توێژینەوەکەدا، 7 هەزار و 700 تازەپێگەیشتوو بەشدارییان کردووە و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا کراوە، کاتێک خوێندکارەکان لە گەرمەی ئەو ساڵەی خوێندنیاندا بوون کە کۆڤید19 تێیدا بڵاوبووەوە. سەبارەت بە تەندروستییان، خوێندکارەکان کۆمەڵێک پرسیاریان لێکرا، لە ناویاندا دۆخی دەروونییان، بەکارهێنانی کحول و ماددە هۆشبەرەکانی دیکە و ئایا لە ماڵەوە یان لە قوتابخانە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە یاخود نا. هاوکات، پرسیاریان لێکرا سەبارەت بە رەگەزپەرستی.

هەرچەندە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، گەنجان کەمتر توشی لێکەوتە خراپەکانی نەخۆشییە دەبوون و رێژەی مردن تیایاندا کەمتر بوو بەراورد بە کەسانی بەتەمەن، بەڵام هێشتا بێبەش نەبوون لە لێکەوتە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی.

ئەمە یەکەمجار نییە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشیاری سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان بڵاودەکەنەوە. لە مانگی ئۆکتۆبەردا، ئەکادیمیای پزیشکانی منداڵان لە ئەمریکا دۆخی لەناکاوی تایبەت بە دەرووندروستیی منداڵان و تازەپێگەیشتووان راگەیاند و لە راگەیەندراوەکەدا گوتبوویان، "گرنگیدان بە گەنجان و حاڵەتە دەروونییەکان وەکو خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، تەنیایی و بیری خۆکوشتن کاریگەریی ئەرێنیی درێژخایەن لەسەر خۆیان، خێزان و چواردەوریان جێدەهێڵێت."

راگەیەندراوەکە زیاتر جەخت لەسەر کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆڤید19دەکاتەوە لەسەر تەندروستیی تازەپێگەیشتووان و باس لەوە دەکات کە مانەوە لە ماڵەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، نادڵنیایی سەبارەت بە دەستکەوتنی خۆراک، تەندروستیی خراپ و توندوتیژی جەستەیی لە لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوون. لە راپرسییەکەدا، نزیکەی لە سەدا 30 تازەپێگەیشتووان باسیان لەوە کردووە کە کەسێکی پێگەیشتووی خێزانەکەیان یان دایک یان باوکیان لەو ماوەیەدا کارەکانیان لەدەستداوە و نزیکەی یەک لەسەر چواریشیان رووبەرووی مەترسییەکانی برسێتی بوونەتەوە. دوو لەسەر سێشیان گرفتی خوێندنیان بۆ دروستبووە.

سەرەڕای ئاگادارکردنەوە نەرێنییەکەی، راپرسییەکە لەگەڵ خۆیدا هیواشی هەڵگرتووە و باس لەوە دەکات ئەو خوێندکارانەی لە قوتابخانە هەست بە ئارامی دەکەن و تێکەڵاویی ئەوانی دیکە دەکەن، مەترسیی توشبوونیان بە گرفتە دەروونییەکان کەمترە. ئەمەش گرنگی رۆڵی قوتابخانەکان دەردەخات لە باشترکردنی دەرووندروستیی خوێندکاراندا.

کاتلین ئیسەر، سەرۆکی لقی تازەپێگەیشتووان و قوتابخانەکان لە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان، دەڵێت: "سەرجەم خوێندکاران کاریگەربوون بە لێکەوتەکانی کۆڤید19. کاتێک ژینگەی قوتابخانەکان لەبارتر دەبن، سەرجەم خوێندکاران سودی لێوەردەگرن و تەندروستیی دەروونییان باشتر دەبێت."

سەرجەم ئەو گوشار و نەخۆشییە دەروونییانەش، کاریگەرییان لەسەر شێواز و کاتی خەوتنی رۆژانە هەیە و بە یەکێک لەم هۆکارانە، پەشێوییە دەروونییەکانی خەوتن لە منداڵان و تازەپێگەیشتوواندا زیاددەکات و ئەمەش لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵاندا زیاتر دەکات.