لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی لە چلەکانی تەمەنیاندا بە گوێرەی پێویست ناخەون، مێشکیان زووتر پیردەبێت.
توێژینەوەکە لە 23ـی ئۆکتۆبەردا لە گۆڤاری زانستی مێشک و دەماردا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی لە چلەکانی تەمەنیاندا بەباشی نەخەوتوون، لە پەنجاکانی تەمەنیاندا مێشکیان 1.6 بۆ 2.6 ساڵ پیرتر دەبێت بەراورد بەو کەسانەی کە لەو تەمەنەدا خەویان تەندروست بووە.
پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر جۆری خەو لەگەڵ بڕی خەو تەندروست و باش بن ئەوا تەندروستیی مێشکیش باشتر دەبێت، مەترسیی تووشبوون بە خڵەفان کەمتردەبێتەوە، هەوکردن لە جەستەدا کەمدەبێتەوە و سیستمی بەرگریش بەهێزتر دەبێت.
ئامانجی توێژینەوەکە ئەوە بووە کە گرفتەکانی خەو لە تەمەنێکی کەمدا درکیان پێبکرێت بۆ باشتربوونی تەندروستیی مێشک، ئەمەش دەکرێت لەڕێگەی چەند رێنماییەکی گرنگەوە بێت کە یارمەتیی باشترکردنی جۆرێتی خەو دەدەن وەکو:
- هەموو رۆژێک خەوتن و هەستان لە هەمان کاتدا
- وەزشکردن
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی چا، قاوە و هەر خواردنەوەیەک کە کافاینی تێدابێت لە ئێواران و شەواندا
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کحول لەپێش خەودا
- بەکارنەهێنانی شاشەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە پێش خەوتندا
- خەوتن لە ژووری تاریک و سارددا
- یۆگا
گرنگیی خەو چییە بۆ تەندروستی؟
ئێستا خەو بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە کاریگەریی گەورەی لەسەر تەندروستی هەیە.
توێژەران دەڵێن کە خەوێکی باش دەتوانێت:
- یارمەتیی فرمانەکانی جەستە بدات
- شانەکانی ماسولکەکان نوێ بکاتەوە
- یارمەتیی مێشک بدات لە پرۆسێسکردنی زانیاریی نوێدا
- وزە بپارێزێت
توێژینەوەکانی پێشتر باسیان لەوە کردووە کە خەوێکی باش یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە خڵەفان دەدات.
لەم توێژینەوەشدا دەرکەوتووە کە خەوێکی باش یارمەتیی دابەزین و پاراستنی کێش دەدات، دڵ بەهێز دەکات، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو کەم دەکاتەوە، سیستمی بەرگری بەهێز دەکات و هەوکردن لە جەستەدا کەمدەکاتەوە.