بانکی بازرگانیی عێراق و پرۆژەی هەژمارى من، گرێبەستێکیان بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان واژۆکرد، تیمی "هەژماری من"یش بە کەناڵ8ـی راگەیاند، گرێبەستەکە هەفتەی رابردوو لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراق واژۆکراوە.
بانکی بازرگانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، جەختی لەوەکردووەتەوە، گرێبەستێکی هاوبەشی، لەگەڵ پرۆژەی "هەژمارى من" بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران واژۆکردووە.
بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "بە فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من کردووە تاوەکو لە پرۆژەکەدا بەشداربن، کە تایبەتە بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە پاڵپشتە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، لەبارەی پێویستبوونی بەشداریی بانکی بازرگانیی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هاوکات تیمی "هەژماری من" بە کەناڵ8ـی راگەیاند، رێککەوتنەکە هەفتەی رابردوو واژۆکراوە، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەش ئەوە بووە کە بانکی (تی بی ئای) بە راگەیەندراوی فەرمی و بە روونی واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ "هەژماری من" بڵاوبکاتەوە.
تیمی "هەژماری من" ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رێککەوتنەی کە واژۆکراوە فراوانکردنی ئەو رێککەوتنەیە کە مانگی نیسانی 2024 لەنێوان هەردوولادا واژۆکرابوو، رێککەوتنەکەش لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراقدا کراوە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆژەکە، تیمی "هەژماری من" دەڵێت، تاوەکو ئێستا 34 هەزار کەس کە لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆرمی "هەژماری من"ـەوە داوای بانکی (تی بی ئای)یان کردووە و زۆرینەیان لە پارێزگای سلێمانی بوون، لەو ژمارەیە بانکەکە کارتی بۆ 10 هەزار مووچەخۆر کردووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش تی بی ئای کار دەکات تاوەکو بە زووترین کات ئەی تی ئێم لە پارێزگای سلێمانی دابنێت بۆ ئەوەی فەرمانبەران و مووچەخۆران مووچەکانیان وەربگرن.