یانەی شوڕتەی عێراقی، کە تاکە نوێنەری عێراقە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، دوای ئەوەی لە سێ یاریی دەستپێکی ئەم وەرزەی خولەکەدا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێنا، ئەمشەو کاتژمێر (08:00) بەکاتی هەرێمی کوردستان، لە یاریگەی شا عەبدوڵا دەبێتە میوانی یانەی ئەهلی سعودی، کە خاوەنی چەندین ئەستێرەی بەتوانایە و لەژمارەی خالەکانیدا لەگەڵ یانەی هیلالی پاڵەوانی سعودیە هاوتایە.
گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بۆ یانەکانی لوتکە ئەنجامدەدرێت، جارێکی دیکە یانەی شوڕتەی عێراقی یاریدەکات.
یانەی شوڕتە کە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، تاوەکو ئێستا لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا هیچی بە هیچ نەکردووە، لە کۆی سێ یاریدا، بەرامبەر بە یانەکانی سعودیە سەرکەوتنی نییە، یارییەک بەرامبەر بە نەسڕ یەکسانبووە و بەرامبەر بە هیلالیش بە پێنج گۆڵ، گۆڵباران کراوە، دوایین یاریشی بەرامبەر باختاکۆری ئۆزبەکستانی بوو، کە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
یانەکەى سعودیه پڕە لە ئەستێرەی بەناوبانگی وەک ریاز مەحریز، ئیڤان تۆنی و ئیدوارد مێندی، بەڵام لە کێبڕکێکانی خولی رۆشەنی سعودیە نۆیەمن و کێشەیان لە کەموکوری یاریزان هەیە لە بەشیک لە پێگەکاندا، بۆیە ئەحمەد سەڵاحی راهێنەری شوڕتە دەیەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و لەنێو یاریگە و هاندەرانی یانە سعودیەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
نوێنەرەکەی عێراق لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بە کۆکردنەوەی تەنیا دوو خاڵ، لەگەڵ یانەی باختاکۆر هاوتایە، بەلام باختاکۆر بەجیاوازیی گۆڵ دەکەوێتە خانەی هەشتەمەوە و شوڕتە لە پلەی نۆیەمدایە، کە پلەیەکی سەرکەوتوو نییە بۆ قۆناغی 16، بۆیە ئەگەر بیانەوێت سەرکەوتن بۆ ئەو قۆناغە بەدەستبهێنن، پێویستە لە یانەی ئەهلی ببەنەوە.