ئیسماعیل بەقايی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئامادەیى ئەمريکاى لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆکارى "ناسەقامگيری" ناوبرد و هاوکات هەڕەشەى وەڵامدانەوەى ئیسرائیلى کرد.
ئیسماعیل بەقايی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانيدا لەبارەی جێگيرکردنی فڕۆکەی بی 52ـی ئەمريکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەیی ئەمريکای لە ناوچەکە بە "ناسەقامگيرکەر" وەسفکرد.
بەقايی گوتیشی "بەردەوامبوون و بەهێزبوونی ئەم ئامادەبوونەی ئەمريکا گرژی زیاتر دەکات و بەدڵنیاییەوە ئیرادەمان بۆ بەرگری لە خۆمان دواناخەین".
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پاش ئەوە هات رۆژی شەممە، فەرماندەیی سەربازیی ئەمريکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دەوروبەری رايگەياند، فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی بی 52 گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا بەقايی باسی لەوەکرد، وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشەکانى ئيسرائيل، کە ئەو بە "رژێمی زایۆنی" ناويدەبات، روون و ئاشکرایە. گوتیشى "کەڵک لە هەموو سەرچاوە ماددی و مەعنەوییەکان بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئەو رژێمە وەردەگرین".
رۆژی 26ـی مانگی رابردوو سوپای ئيسرائيل رايگەياند، پێگە سەربازييەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش لە وەڵامی هێرشەکەی 1ـی تشرينی يەکەمدا بۆسەر ئيسرائيل.