بانکى ناوەندیی عێراق بۆ یەکەمجار لەئەمساڵدا فرۆشتنى دۆلارى لە یەک رۆژدا لە رێگەى پلاتفۆڕمى ئەلیکترۆنییەوە گەیاندە نزیکەى 300 ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەممە 4ـى تشرینى دووەمى 2024، بانکى ناوەندیى عێراق، بڕى 297 ملیۆن و 949 هەزار دۆلارى فرۆشتووە.
لەکۆى ئەو بڕەش، بانکى ناوەندیی عێراق 283 ملیۆن و 699 هەزار دۆلارى بە حەواڵە و 14 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریشى بە کاش فرۆشتووە.
لە 10 مانگى رابردوودا، ئەمە یەکەمجارە بانکى ناوەندیی عێراق، بەو رێژە زۆرە دۆلار لەرێگەى پلاتفۆڕمى ئەلیکترۆنییەوە بفرۆشێت بە 15 بانک و کۆمپانیا، کە هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینارە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە و 100 دۆلار بە 151 هەزار و 250 دینار مامەڵەى پێوەدەکرێت کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 19 هەزار و 250 دینار جیاوازی هەیە.