بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان و خراپبەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان، دوو دەستەواژەی جیاوازن لە زانستی پزیشکیدا. پزیشکی پسپۆڕیش، شێواز و رێگەچارەی تایبەت بەکاردەهێنێت بۆ چارەسەرکردنی هەر یەکێکیان.
خراپبەکارهێنان زیاتر وەکو نەخۆشی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و زۆرجار پێویستە چارەخواز بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت، چونکە لە کاتی وەستاندنی خواردنەوە کحولییەکاندا، کۆمەڵێک نیشانەی توندی جەستەیی بۆ دروستدەبێت، کە رەنگە چارەخواز نەتوانێت لە ماڵەوە بەرگەیان بگرێت. هاوکات، بەکارهێنانیش، رێژەی هەیە و دەکرێت بەکارهێنانی کەم بێت و دەکرێت زۆر بێت، کە هەردووکیان کاریگەریی نەرێنی تەندروستییان لەسەر کەسەکە هەیە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت واز لە خواردنەوە کحولییەکان بهێنن، یان رێژەی بەکارهێنانی رۆژانە و هەفتانەی خواردنەوە کحولییەکان کەم بکەنەوە، چەندین رێگە چارەی پزیشکی جیاواز هەن، هەر لە وەرگرتنی چارەسەری دەرمانی، مانەوە لە نەخۆشخانە، چارەسەری دەروونیی رەفتاری و وەرگرتنی چارەسەری دەروونیی هەفتانەوە تاوەکو مانەوە لە سەنتەرەکانی راهێنانەوە بۆ ماوەی درێژخایەن.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا، رێگەچارەسەرێکی دیکە بەکارهاتووە، ئەویش بەکارهێنانی بیرە یان ئەو خواردنەوانەیە کە کحولیان تێدانییە، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی خواردنەوە لەو کەسانەدا کە خواردنەوە کحولییەکان زۆر دەخۆنەوە. بەشداربووانی توێژینەوەکە، تەمەنیان 20 ساڵ یان زیاتر بوو، هیچ کام لە بەشداربووان وەکو خراپبەکارهێنەری کحول دەستنیشاننەکرابوون، بەڵام ئەو کەسانە بوون کە زۆر دەخۆنەوە، چوار جار زیاتر لە هەفتەیەکدا.
پاش دەستنیشانکردنی بەشداربووەکان، دابەشکران بەسەر دوو کۆمەڵەدا. کۆمەڵەی یەکەم، ئەو بەشداربووانەی هیچ گۆڕانکارییەکیان نەکرد. کۆمەڵەی دووەم، ئەو بەشداربووانەبوون کە چەند هەفتە جارێک، خواردنەوەی بێ کحولیان دەدرایە و دواتر بۆ ماوەی 20 هەفتە چاودێریکران بۆ بەراوردکردنی رێژەی بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان و خواردنەوە بێ کحولەکان.
بە گوێرەی ئەنجامەکان، پاش دەستپێکردنی چارەسەرەکە و تەنانەت تاوەکو 20 هەفتەش پاش دەستپێکردنی چارەسەر، رێژەی بڕی خواردنەوە کحولییەکان لەو کەسانەدا کە خواردنەوەی بێ کحولیان دەخواردەوە، کەمتر بوو بەراورد بەو کەسانەی هیچ گۆڕانکارییەکیان لە شێوازی خواردنەوەیاندا نەکرد و خواردنەوەی بێ کحولیان بەکارنەهێنا.
سەرەڕای دەرەنجامەکان، بەڵام توێژینەوەکە نوێیە و پێشتر توێژینەوەی نوێ سەبارەت بەم بابەتە کەم کراون، لەبەرئەوە ناتوانین لە ئێستادا وەکو رێگەیەکی زانستیی نوێ بۆ چارەسەرکردنی زۆر خواردنەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.