رۆژنامەی سەباحی تورکی نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدان لە راپۆرتێکیدا باسى کاریگەرییەکانی سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەسەر ئاسۆی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن دەکات.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، "سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا دەتوانێت گرژییەکان لەگەڵ ئێران زیاتر بکات و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی داهاتوو ئاڵۆز بکات".
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە "گومانی تێدا نییە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ ئاڵنگاریی و کێشەی بەرچاو بۆ تاران بەدوای خۆیدا دەهێنێت. سەرکەوتنی ترەمپ دەتوانێت ئەمریکا بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو توندڕەوییەی کە هەیبوو".
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی کردووە و جەنگی ئێستای ئێران بە جەنگێکی ئابووری ناودەبات و دەڵێت "بۆ لابردنی سزاکان و دووبارە پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و بەهێزکردنی بازرگانی ئێران پێویستە هەنگاوی کرداری بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵبگیرێت".
سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەى سەرۆکایەتیى ئەمریکادا بازاڕەکانى دراو لە ئێران تووشى شڵەژان دەکات و گوشارێکی دەروونی بەرچاویش دەخاتە سەر ئەو وڵاتە.
لە ماوەی رابردوودا بازاڕەکانی دراو لە ئێران زۆر هەستیار بووە بەرامبەر پێشهاتە سیاسییەکان و هەواڵەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا، ئەمە جگە لەوەی سیناریۆیەکی لەم شێوەیە دەتوانێت پەرە بە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆى ئەو وڵاتە بدات.
سەباح لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات "بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە نێوان ئیسرائیل و گرووپە نزیکەکان لە ئێران، رەنگە پێگەی ناوچەیی ئێران کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بێت لە ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپدا".
هاوپەیمانیی ترەمپ و نەتەنیاهوو دەتوانێت کێشەی راستەقینە بۆ ئێران دروست بکات. لە کاتێکدا ئیدارەی بایدن کاری کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی مامناوەندی لە بڕیارەکانی نەتەنیاهوو بگێڕێت، گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ رێبازێکی زۆر توند بەرامبەر ئێران. پێدەچێت ئەو هەڵوێستە رادیکاڵییەی نەتەنیاهوو بوێرتر بکات و ببێتە هۆی ئەوەی هەڵوێستێکی توندتر بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر.
رۆژنامە تورکییەکە دەشڵێت "بایدن و هاریس باش دەزانن پێدەچێت نەتەنیاهوو هیوای سەرکەوتنی بۆ ترەمپ هەبێت، چونکە ترەمپ زیاتر بە تامەزرۆییەوە پاڵپشتی نەتەنیاهوو دەکات لە دژی ئێران. پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ هانی نەتەنیاهوو بدات بۆ ئەوەی جەنگەکە فراوانتر بکات".
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ترەمپ هەوڵدان بوو بۆ زیاتر گۆشەگیرکردنی ئێران. بەشێکی گرنگی ئەم ستراتیژە پەیماننامەی ئیبراهیم بوو کە ئامانجی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی و موسڵمان بوو.
ئەگەر ترەمپ بۆ جاری دووەم سەربکەوێت، بەردەوام دەبێت لە فراوانکردن و بەهێزکردنی رێککەوتنەکە.
پێگەی شیکاریی "WorldCrunch" لە وتارێکدا بە ئاماژەدان بە کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەسەر گرژییەکانی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل دەنووسێت "پێدەچێت سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ بەو مانایە بێت کە ئارامی ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران لە هەفتەکانی داهاتوودا تەنها وەک پشوویەکی کاتی سەیر بکرێت و رەنگە لە کۆتاییدا بە بەشداریی ئەمریکا بەرەو نەهێشتنی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران هەنگاو بنێت".
دوای هێرشی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئیمارات، سعودیە و میسر لە یەکەم ئەو وڵاتانە بوون کە ئەو کارەیان بە "هێرشێکی نایاسایی بۆ سەر خاکی ئێران" سەرکۆنە کرد. ئیدارەی بایدن هەوڵدەدات ئاگربەست لە غەززە و لوبنان بەدیبهێنێت و نەتەنیاهوو رازى بکات کە کوشتنى حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵا لە لوبنان و ئیسماعیل هەنییە و لەم دواییانەشدا یەحیا سینوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، هەمووی سەرکەوتنە و واز لە هێرشکردنە سەر غەززە و لوبنان بهێنێت.
دامەزراوەی"کارنێگ"ـى ئەمریکی لە وتارێکی شیکاریدا لەبارەى بژاردەکانى ئەمریکا سەبارەت بە ئێران دەنووسێت "ئەگەر ئێران بڕیار بدات هۆشدارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە پشتگوێ بخات و هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، پێدەچێت ئیسرائیل دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتن بۆ ئابووریی ئێران و دەتوانێت کاردانەوەی زنجیرەیی کارەساتباری لێبکەوێتەوە".
تاران بە شێوەیەکی لۆژیکی دڵنیایی دەوێت لەوەى واشنتن جارێکی دیکە لە رێککەوتنێک پاشەکشە ناکات و پابەند دەبێت بە بەڵێنەکانی بە ئێران لە بەرامبەر سوککردنی سزاکان.
دامەزراوەکە باشترین بژاردە بە دووبارەکردنەوەی گفتوگۆی نهێنیی نێوان ئێران و ئەمریکا دەزانێت و دەڵێت "پێشتر بە نێوەندگیریی عومان ئەم دانوستاندنانە دەستیانپێکردووەتەوە".
"کارنێگی" لە کۆتاییدا دەنووسێت "پێویستە ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە بکات ئێران خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم تاوەکو ئاستی لە 90% کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەک و لە گۆڕینی یۆرانیۆم بۆ کانزایەک کە بتوانرێت بۆ دروستکردنی چەک، بەدووربگرێت".
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا دەتوانێت ئێران دڵنیابکاتەوە لەوەی هیچ هێرشێک لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەنجام نادرێت.