سوپای ئيسرائيل رايگەياند، لە هێرشێکی ئاسمانيدا سەرکردەيەکی باڵای حیزبوڵايان بەناوی ئەبو عەلی رەزا، لە باشووری لوبنان کوشتووە، حيزبوڵاش دەڵێت "شارێکی ئيسرائيلمان کردووەتە ئامانج".
سوپای ئيسرائيل لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "بەرپرسەکەی حیزبوڵا کە سەرپەرشتیی تەقاندنی مووشەکی دژەتانکى بۆسەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کردووە، لە ناوچەی بەراشیت لە باشووری لوبنان لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، بەبێ ئەوەی وادەی بۆردوومانەکە دیاری بکات".
هاوکات حیزبوڵاى لوبنانى لە راگەيەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بە مووشەک شاری سەفێدیان لە باکووری ئيسرائيل کردووەتە ئامانج و هێرشەکەش بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی فەڵەستین و بەرخۆدانی کەرتی غەززە بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا حيزبوڵا کوشتنی ئەبو عەلی رەزای پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەگوێرەى ئامارێکى سوپای ئيسرائيل، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسيۆنەکانيانەوە لە باشووری لوبنان لە 30ـی ئەيلوولەوە تاوەکو ئێستا 38 سەربازیان کوژراون.