شاندێکی یەکێتی لەبارەی بەبانکیکردنی مووچە لەگەڵ پارێزگارى بانکى ناوەندى کۆبوونەوە

شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەى بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق کۆبوونەوە.

کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە کەناڵ8ـى راگەیاند "شاندێکى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کۆبوونەوە".

کاروان یاروەیس روونیکردەوە "بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵى لەبارەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو".

ئاماژەى بەوەش کرد "لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوی فراکسیۆنی یەکێتی و یاداشت و واژۆى چوار فراکسیۆنی کوردستانیی و 138 پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆنی عێراقی درایە پارێزگاری بانکی ناوەندی، کە پشتیوانی داوای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ تەوتین لەرێگای بانکە فیدراڵییە حکومییەکانەوە".

شاندەکەى یەکێتى پێکهاتبوون لە: د.نەرمین مەعروف و کاروان یاروەیس، ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و د.خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق.