حکومەتی عێراق مووچەی کەرتی تایبەت بەبانکی دەکات

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ بەبانکیکردنی مووچەی کەرتی تایبەت و بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵە داراییەکان و دوا وادەش بۆ ئەو پرۆسەیە سەرەتای مانگی حەوتی ساڵی داهاتووە.

نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، "له‌ چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی چاكسازیی دارایی و ئابووریی حکومەتدا، سودانی فه‌رمانی گرتنه‌به‌ری چه‌ند هه‌نگاوێكی داوە، بۆ پته‌وكردن و په‌ره‌پێدانی سیستم و خزمه‌تگوزارییه‌كانی پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی بڕیاریداوە مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی تایبه‌ت هاوشێوه‌ی كه‌رتی حكومی بەبانکی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و بانكی ناوه‌ندیی عێراقی راسپاردووە بۆ ئاماده‌كردنی میكانیزمێكی گونجاو.

جەختیشكراوەتەوە، وه‌زاره‌ته‌كان و سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌ستبه‌رداری پاره‌دانی نه‌ختینه‌ (كاش) ببن و پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی له‌ مامه‌ڵه‌ داراییەکاندا به‌كاربهێنن.

بەگوێرەی بڕیارەكەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێویستە پرۆسەکە له‌رێگه‌ی پلانێكی یه‌كخراو‌ له‌لایه‌ن هه‌ر وه‌زاره‌تێك یاخود دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومییه‌وه‌ پێش 31ـى 12ـى 2024 پێشكه‌ش بكرێت، به‌ مه‌رجێك جێبه‌جێكردنی راسته‌قینه‌ی ئه‌م پلانه‌ تاوەکو 1ـی 7ـى 2025 بە تەواوەتی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.