سێنتکۆم: 163 چەکدارى داعش لە عێراق و سووریا كوژراون

لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا کە ماوەی دوو مانگی خایاندووە، 163 چەکداری داعش لە عێراق و سووریا کوژران و 33 سەرکردەی ئەو رێکخراوەش دەستگیرکراون.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، "ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لە عێراق و سووریا لە دژی داعش دەستپێکردووە لە 29ـى ئابەوە کە ماوەی دوو مانگ بەردەوامبووە".

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا روونیدەکاتەوە "لەو ئۆپراسیۆنەدا لە عێراق و سووریا، 163 چەکدارى داعش کوژراون و 33 سەرکردەی رێکخراوەکە لەسەر ئاستی باڵا و مامناوەند دەستگیرکراون".

هاوکات مایکل کۆرێلا، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە "لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان، بەردەوامدەبین لە راوەدوونانی چەکدارانی داعش و پەکخستنی تواناکانیان لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان".