50 وڵات داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن، هەنگاوی خێرا بنێن بۆ راگرتنی فرۆشتن یان گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل و دەڵێن، ئەو چەکانە لە غەززە و کەناری رۆژئاوا بەکاردەهێنرێن.
لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە و هەردوو دەزگای نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە، 50 وڵاتەکە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی بەردەوامیی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە غەززە و ناوچەکانی فەڵەستین، لوبنان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە نامەکەدا هاتووە، "ژمارەی سەرسوڕهێنەری قوربانییانی مەدەنی کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، بەهۆی بەردەوامیی پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەرگە نەگیراوە و قبوڵ ناکرێت، پێویستە بەپەلە هەنگاو بنێین بۆ راگرتنى ئەو ئازارە سەختەی مرۆڤایەتی و ناسەقامگیریی کە هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕی سەرتاسەریی لە ناوچەکە دەکات".
ئەو 50 وڵاتە داوايان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە، ئاگربەستی دەستبەجێ رابگەيەندرێت بۆ رێگریکردن لەو کارەساتە، رێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشوو بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی، لێپرسینەوە و دەرکردنی داواکارییەکی روون بۆ راگرتنی گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل.
دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە راگەيەندراوێکدا وەڵامی رۆڵی تورکیای لە نامەکە دایەوە و گوتی، "چاوەڕوانی چی لە دەوڵەتێک بکەين کە بەهۆی خراپەکارییەوە بەڕێوەدەچێت و هەوڵی وروژاندنی ناکۆکیی دەدات؟.
دانۆن گوتیشی،"لە بەرامبەر هەر هێرشێکی سیاسی و سەربازیدا بەردەوام دەبین لە شەڕکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل".