بەهۆی نزمیی پلەی گەرما و دەستپێکی شەپۆلی سەرما، جەستەی مرۆڤ پێویستی زیاتری بە کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە هەیە بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی جەستە بەهێزبێت و لە پەتا و هەڵامەت بپارێزرێت، هەروەها بۆ ئەوەی کەسەکە کەمتر هەست بە سەرما بکات و قەڵەو نەبێت، گرنگترین خۆراکەکان ئەمانەن:
- میوە مزرەکان، کێوی، هەنار و سێو: ئەمانە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و ئەی و دژەئۆکسێنەرەکان
- سەوزە گەڵا تۆخەکان: وەکو کەلەرم، قەڕنابیت و نەعنا
- پاقلەمەنییەکان: بەتایبەتی شۆربای نیسک، نۆکاو، لۆبیا و ماش
- سیر و پیاز: بۆ بەهێزکردنی بەرگریی جەستە، چ بە کاڵی یان لە ناو چێشتدا
- هەنگوینی سروشتی
- زەنجەبیل : گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی قوڕگ و کەمکردنەوەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە، دەکرێت رۆژانە چای زەنجەبیل یان گیراوەی لێمو و زەنجبیل یان زەنجەبیل و لیمۆ و هەنگوین بخورێتەوە
- خواردنەوەی چای گیایی وەکو چای گوڵەبەیبوون، رازیانە، گوڵەمێخەک، زەنجەبیل و چای سەوز، لەبری ئەو خواردنەوانەی بڕێکی زۆر ماددەی کافایینیان تێدایە وەکو چا و قاوەی رەش، بەتایبەت ئەگەر شەکریان تێ بکرێت، شەوان لە بری چا و قاوە کوپێک شیری گەرم یان چای گژوگیا بخۆرەوە
- ماسی سەلەموون و توونە و هەموو جۆرە ماسیەکانی تر بە بەرژاوی
- سنگی مریشک و قەل و پەلەوەر، هەروەها گۆشتی سووری بێ چەوری (کاتێک لە رێجیمی کیتۆ و هاوشێوەکانیدا نەبیت)
- دانەوێڵە تەواوەکان وەکو ئاردی بۆر و برنجی بۆر و قاوەیی، تۆوی چیا و شۆڤان لە بری ئاردی سپی و برنجی سپی
- چەرەسەکان: گوێز و بادەم و ناوکەکولەکە و گازۆ
- خواردنی بڕی پێویست لە ماددە رێشاڵیەکان لەڕێگەی خواردنی سەوزە و میوە ڕۆژانە دوو بۆ سێ جار
- خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو، رۆژانە لە نێوان ژەمەکان و لانیکەم زیاتر لە شەش پەرداخ رۆژانە
د. کامەران رەسووڵ ژاژڵەیی
پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک