لە ئەمریکا پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ئەگەر بێت و دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا دەربچێت و رۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر بکات بە بەرپرسێکی باڵای تەندروستی، لەوانەیە ڤاکسینەکان لە ئەمریکا قەدەغەبکرێن.
ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کردووە کە رۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر، یەکێک لەوانەی کە بانگەشەی دژەڤاکسینی بڵاودەکاتەوە و لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەربژێرێکی سەربەخۆ بووە، رۆڵێکی "گەورەی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەبێت" ئەگەر هەڵبژاردنی ئەمریکا بباتەوە.
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەبارەی ڤاکسینەکانیشەوە لەگەڵ رۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەردا گفتوگۆی زیاتر دەکەن.
کەنەدی چەندین جار بۆ رای گشتیی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ڤاکسینەکان دەبنەهۆی ئۆتیزم، ئەم تیۆرییە لەلایەن زانایان و پسپۆڕانی تەندروستییەوە هەڵوەشێنراوەتەوە. چەند جارێکیش باسی لەوە کردووە کە دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی پێداوە کە ئەگەر بێتەوە بە سەرۆک دەسەڵاتێکی باڵای تەندروستیی پێدەدات و ئەمەش کارئاسانی بۆ چەند گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیستمی تەندروستیی وڵاتەکەدا دەکات.
تاوەکو ئێستا ترەمپ دژایەتیی بەڵێن و تیۆرییەکانی کەنەدی نەکردووە، بەڵکو گوتوویەتی "قسەی لەگەڵ ئەو و خەڵکی دیکەشدا دەکەم و بڕیار دەدەم، بەڵام کەنەدی پیاوێکی زیرەکە و قسەکانی بەهێزن".
رۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر ئاماژەشی بەوە کردووە، بەڵێنی پێدراوە کە دەسەڵاتی بەسەر هەندێک دامەزراوەی خۆراک و تەندروستیی وڵاتەکەدا هەبێت، لەوانەش دەزگای تەندروستیی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان، سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان و دامەزراوەی خۆراک و دەرمان.
ترەمپ لەبارەی ئەم پۆستانەوە بڕیاری کۆتاییی نەداوە، بەڵام گوتوویەتی کە رێگە بە رۆبێرت ئێف کەنەدی جونیەر دەدات گۆڕانکاریی گەورە لە سیستمی خۆراک و دەرمانەکان لە ئەمریکا بکات.