بەشى پێشبینییەکانى وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوانیوەڕۆى ئەمڕۆوە، کەشوهەوا جێگیر دەبێت و ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت.
بەگوێرەى پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان نیمچە هەور و تەم دەبێت، تاوەکو کاتەکانى نیوەڕۆ، لەگەڵ ئەگەرى نمەبارانێکى کەم لە هەندێک لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، بەڵام لە دواى نیوەڕۆدا کەشەکە جێگیر دەبێت و ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەگەرى دووبارە دروستبوونەوەى تەم لە هەندێک ناوچەدا".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پلەکانی گەرما بەروارد بە رۆژانی رابردوو، یەک بۆ دوو پلە بەرزدەبێتەوە.
هەر بەگوێرەى پێشبینییەکان، سبەی چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لەگەڵ دروستبوونى تەم لەکاتەکانى بەیانى زوودا.
وەزارەتی گواستنەوە دەشڵێت، بەروارد بە پلەکانى گەرما لە رۆژى سێشەممەدا، سبەی چوارشەممە پلەکانی گەرما، بەرزتر دەبنەوە.